Accessibility links

سوریا: بەهۆی هێرشی مووشەکی ئیسرائیلەوە دوو سەرباز بریندار بوون


وێنەیەکی کە لە 12 مانگی سێی 2023 لەلایەن ئاژانسی فەرمی سوریا (سانا) وە بڵاوکرایەوە، نیشان دەدات کە دوکەڵ لە شوێنێکەوە بەرزبووەتەوە و دیمەشق دەڵێت لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
وێنەیەکی کە لە 12 مانگی سێی 2023 لەلایەن ئاژانسی فەرمی سوریا (سانا) وە بڵاوکرایەوە، نیشان دەدات کە دوکەڵ لە شوێنێکەوە بەرزبووەتەوە و دیمەشق دەڵێت لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل هێرشی مووشەکی لە نزیک دیمەشق ئەنجامدا و بەهۆیەوە دوو سەرباز برینداربوون.

لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ شەڕ لە سوریا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی سوریا ئەنجامداوە، بە پلەی یەکەم هێزەکانی سەر بە ئێران و چەکدارانی حەزبوڵا و هەروەها پێگەکانی سوپای سوریای کرووەتە ئامانج.

پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە پایتەختی سوریا بیستراوە.

وەزارەتی بەرگریی سوریا ڕایگەیاند "لە نزیک کاتژمێر 01:20 خولەکی شەو، دوژمنی ئیسرائیل لە ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا و چەند پێگەیەکی دەوروبەری دیمەشقی کردە ئامانج".

هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئامانجەکان نەخستووەتەڕوو بەڵام ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکاندا دوو سەرباز برینداربوون و زیانی داراییان لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتەکە گوتیشی بەرگری ئاسمانی سوریا ڕێگری لە چەندین مووشەک کردووە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی لە بەریتانیایە، ڕایگەیاندووە، هێرشەکان پێگەی گروپە لایەنگرەکانی ئێرانیان کردۆتە ئامانج و ئاماژەی بەوەشکردووە، باڵەخانەیەکی باشووری پایتەخت خاپوور بووە.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئیدانەی هێرشەکانی کرد و لە بەیاننامەیەکدا ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ " دەربازبوون لە دووبەرەکی ناوخۆیی" لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی ناوخۆیی بووەتەوە بەهۆی چاکسازییە دادوەرییە مشتومڕلەسەرەکان.

لە کاتێکدا ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکان بۆ سەر سوریا دەدات، بەڵام چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێرانی دوژمنە سەرسەختەکەی شوێنپێی خۆی لەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا داکوتێت.

لە مانگی ڕابردوو ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی لە ناوچەیەکی دیمەشق کە دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی تێدایە، 15 کەس کوژران

هەروەها دەشڵێت هەفتەی ڕابردوو هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیلی، کۆگایەکی گومانلێکراوی چەکی لەناوبردووە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە فڕۆکەخانەی حەلەبی سوریا بەکاریدەهێنن.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG