Accessibility links

ئیسرائیل ئەندامێکی کوژراوی سوپای پاسداران لە سوریا وەک بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە ئیسرائیل ناو دەبات


میدیاکانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە میلاد حەیدەری ئەندامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە سوریا کوژراوە، یەکێک لە سەرکردەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە ئیسرائیل بووە.

ڕۆژنامەی ئیسرائیلی 'یەدیعوت ئەخرۆنۆت' ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیوێتی میلاد حەیدەری بەشێک بووە لە دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران بۆ ئاڕاستەکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە ئیسرائیل لە سوریا.

دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر جەرگەی دیمەشق، سوپای پاسداران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا کوژرانی حەیدەری پشتڕاستکردەوە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە پلە سەربازییەکەی بکات وەک راوێژکاری سەربازی لە سوریا ناویبرد.

لە بەیاننامەکەی سوپای پاسداران ئاماژە بە کوژرانی هێزی دیکەی ئێران نەکراوە، بەڵام ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویکردەوە کە پێنج ئەفسەری سوپای پاسداران لە نێویاندا فەرماندەیەکی باڵا لە دوایین هێرشەکەدا کوژراون.

لە هەمان کاتدا ئەلعەرەبیە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە دوایین هێرشەکەیدا، پێکهاتە ئەلیکترۆنیەکان و ئەو چیپانەی کردۆتە ئامانج کە بۆ ئاراستەکردنی وردتری مووشەکەکان بەکارهێنراون.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەبەرامبەر هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هێرشەکەی سەرکۆنە کرد، بەڵام ئاماژەی بە کوژرانی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە بۆردومانەکەدا نەکردوە.

ئیسرائیل تا ئێستا لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر سوریا بێدەنگ بووە، هەرچەندە لە زۆر حاڵەتی هاوشێوەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکانی وەک بەرپەرچدانەوەی فراوانبوونی نفوزی سەربازی ئێران و هاوپەیمانەکانی تاران لە ناوچەکەدا قبوڵ کردووە .

سەرچاوە/ ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG