سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد باقر قالیبافی پارێزگار ڕۆژی دووشەممە ناوی خۆی وەکو کاندیدێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران تۆمارکرد، بڕیارە هەڵبژاردنە پێشوەختەکە لە 28 ی مانگی شەشدا بەڕێوەبچێت.
بڕیاربوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران لە ساڵی 2025 دا بەڕێوەبچن، بەڵام دوای مەرگی پێشبینی نەکراوی سەرۆکی پێشووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە 19 ی مانگی پێنجدا، کاتی هەڵبژاردنەکان هێندرایە پێشەوە.
ڕەئیسی و حەوت ئەندامی یاوەری بە وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیانیشەوە، لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیاندا لە ناوچەیەکی شاخاویی لە باکووری ئێران گیانییان لە دەستدا.
هاوشێوەی ئەوانی دیکە کە خۆیان کاندید کردووە، ئێستا قالیباف دەبێت تاوەکو 11 ی مانگی شەش چاوەڕێ بکات تاوەکو بزانێت ئایا ئەنجومەنی پارێزەران کاندیدبوونەکەی پەسەند دەکەن یاخود نا. ئەنجومەنەکە لە 12 ئەندام پێکهاتووە و لەلایەن ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئییەوە دەستنیشانکراون و پشکنین بۆ کاندیدەکان دەکەن بۆ پۆستە گشتییەکان.
لە ساڵی 2005 وە، ئەمە چوارەمین جارە قالیباف بۆ سەرۆکایەتی خۆی کاندید دەکات، لە دوایین هەڵبژاردنەکاندا لە بەرژەوەندی ڕەئیسیدا کشایەوە.
قالیباف وتی " ئەگەر خۆم کاندید نەکەم، ئەوا ئەو کارەی کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دەستمان پێکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئابووریی خەڵکەکە، تەواو نابێت."
وتیشی ئەگەر باوەڕی بەوە نەبووایە کە دەکرێت کێشە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران چارەسەر بکرێن " هەرگیز نە دەهاتە ناو بوارەکەی کێبڕکێوە."
قالیبافی تەمەن 62 ساڵ پێشتر فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران بووە.
لە 28 ی مانگی پێنجدا سیاسییەکی پارێزگار وەکو سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئێران دەستنیشانکرا. ئەویش پێشتر سەرۆکی پەرلەمان بووە.
قالیباف کە بەشداری شەڕی عێراق و ئێرانی کردووە، پێشتر لە ساڵی 2005 ەوە بۆ ساڵی 2017 سەرۆکی شارەوانی تاران بووە، پێش ئەوەش سەرۆکی پۆلیسی ئێران بووە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو خۆ تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد و ڕۆژی دووشەممە ماوەکەی تەواو دەبێت.
کەسایەتییە دیارەکانی دیکە کە خۆیان کاندید کردووە بریتین لە سەرۆکی پێشووتری ئێران مەحمود ئەحمەدی نەژاد و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان عەلی لاریجانی مامناوەند و دانوستکاری پێشووی ئەتۆمی ئێران سەعید جەلیلی پارێزگاری توندڕەو.
سەرچاوە/ فرانس پرێس