مەحمود ئەحمەدی نژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە،2ی مانگی شەش بە فەرمی ناوی خۆی وەک کاندید لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تۆمار کرد.
ماڵپەڕی "دۆڵەتی بەهار" کە نزیکە لە ئەحمەدی نژاد، ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە دوای ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە لایەنگرانی سەرۆککۆماری پێشوو لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی دراوە کە داوایان کردووە ناوی خۆی تۆمار بکات.
ئەحمەدی نژاد دوای تۆمارکردنی ناوی خۆی لە وتارێکدا کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیش پەخشکرا وتی "گرنگترین پاڵنەری من ئەوەیە کە سەرنجم لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و کرانەوە بۆ باشترکردنی ژینگەی بازرگانییە".
سەرۆککۆماری پۆپۆلیستی پێشووی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی "دڵنیام هەموو کێشەکانی وڵات لە ژێر ڕۆشنایی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و پەیوەندی بنیاتنەر لەگەڵ جیهان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییدا چارەسەریان بۆ دەکرێت."
قسەکانی ئەحمەدی نژاد لە کاتێکدایە کە سیاسەتەکانی وڵات چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوە لە دەستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدایە و ئەو هەمیشە جەختی لە "دوژمنایەتی" لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کردووەتەوە وتاکو ئێستاش قسەی لەسەر سیاسەتی ئاشتیانە و بنیاتنەر نەکردووە.
هەروەها مەحمود ئەحمەدی نژاد لەکاتێکدا باس لە "پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بنیاتنەر لەگەڵ جیهان" دەکات کە پێشتر لە لێدوانەکانیدا کارەساتی هۆلۆکۆستی خستە ژێر پرسیارەوە وهەروەها پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئێران هاووڵاتی هاوڕەگەزخوازی تێدا نییە و ئاماژەی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیش دەکرد ئەگەر ئێران بیەوێت، ئەمانەش گرژیی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهانی زیاتر کرد.
مەحمود ئەحمەدی نژاد سەبارەت بە مەبەست و پلانەکانی بۆ کاندیدبوونی، ڕایگەیاندووە، "بابەتی ئابووری و بژێوی خەڵک لە پێش هەموو کارەکانییەوە دەبێت."
ئەم قسانەشی لە کاتێکدایە کە نرخی دۆلارێک لە کۆتایی دەسەڵاتەکەی ناوبراودا، لە 1100 تمەنەوە بۆ 3700 تمەن بەرزبووەوە کە تا ئەو بەروارە ڕووداوێکی بێوێنە بوو.
سەرەڕای زیادبوونی کێشە ئابوورییەکانی خەڵکی ئێران لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەحمەدی نژادا، بەڵام ئەو هەڵاوسانی دۆلاری بۆ "پیلانگێڕیی دوژمنان" گەڕاندەوە.
بڕیارەکەی مەحمود ئەحمەدی نژاد بۆ دووبارە کاندیدکردنی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران لە کاتێکدا ڕاگەیەندرا کە لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2021 لەلایەن شورای نیگەهبانەوە ڕەتکرایەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە خولی دووهەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکە لەگەڵ بایکۆتێکی بەربڵاوی خەڵک و کەمترین ڕێژەی بەشداری لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕوو بووەوە.
بڕیارە 28ی مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە بچێت.
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا