Accessibility links

فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسداران کە سزای ئەمەریکای لەسەرە، یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ شوێنگرتنەوەی ڕەئیسی

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران وەحید حەقانییان کە لەلایەن ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، یەکێکە لەو بەربژێرانەی کە ڕۆژی شەممە ناوی خۆی تۆمار کردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی دواتری ئێران، ئەوەش دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەردا.

حەقانییان یاریدەدەرێکی نزیکی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئییە و دوای خۆتۆمارکردنی وتی لەسەر بنەمای " ئەزموونی 45 ساڵەی خزمەتەکەی لە سەرۆکایەتی و ئۆفیسی ڕابەردا " خۆی وەکو بەربژێر تۆمار کردووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 دا سزای بەسەر حەقانییان و نۆ کەسی دیکەی " بازنە ناوخۆییەکەی خامنەئی " دا سەپاند لەسەر " بەرپرسیارێتییان لە بەرەوپێشبردنی سەرکوتکارییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەشدا."

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانیش لە نێو ئەو بەربژێرانەدایە کە ڕۆژی هەینی ناوی خۆی تۆمارکرد، هەروەها بەڕێوبەری پێشووی بانکی ناوەندی ئێران عەبدولناسر هیمەتیش خۆی وەکو بەربژێر تۆمار کردووە.

بەرپرسێکی هەڵبژاردنەکان ڕۆژی شەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کاتێک پڕۆسەی خۆتۆمارکردنەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد تاوەکو ئێستا 12 کەس خۆیان تۆمار کردووە، هەڵبژاردنەکانیش لە 28 ی مانگی شەشدا بەڕێوەدەچن.

دوای مەرگی ڕەئیسی، کە دەوترا ڕەنگە جێگەی خامنەئی بگرێتەوە، کێبڕکێیەک لە نێو توندڕەوەکاندا دروست بووە بۆ کارکردنە سەر دەستنیشانکردنی سەرۆکی دواتری وڵاتەکە.

دوای وادە پێنج ڕۆژەییەکە بۆ خۆتۆمارکردن، ئەنجومەنی پارێزەران(شورای نیگەهبان) پشکنین دەکات بۆ بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی. سیاسییە مامناوەندەکانی ئێران ئەو ئەنجومەنە کە لە 12 ئەندام پێکهاتووە، تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانەی کە ڕکابەریی بەربژێرە توندڕەوەکان دەکەن، پێشبینی دەکرێت توندڕەوەکان بەسەر کێبڕکێکەدا زاڵ ببن.

سەعید جەلیلی دانوستکاری پێشووی ئەتۆمی ئێران کە بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی چوار ساڵ بەڕێوبەرایەتی ئۆفیسەکەی خامنەئی دەکرد، یەکەمین توندڕەوی دیار بوو کە پێنجشەممە ناوی خۆی وەکو بەربژێر تۆمار کرد.

میدیاکانی ئێرانیش ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕەنگە سەرۆکی کاتی ئێران محەمەد موخبیریش خۆی کاندید بکات.

چەند سیاسییەکی مامناوەندی دیکەش ڕەنگە بێنە ناو کێبڕکێکەوە.

هاوکات ڕۆژی سێشەممە محەمەد باقر قالیباف کە ئەویش پێشتر فەرماندەی سوپای پاسداران بووە، وەکو سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەستنیشانکرا و پێدەچێت ناوی خۆشی بۆ سەرۆکایەتی تۆمار بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG