Accessibility links

دوو بەرپرسی ئەمەریکا دەڵێن لەگەڵ ئەوەدان سوپای پاسداران لە سەرانسەری جیهاندا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەستنیشان بکرێت

دوو بەرپرسی باڵای حکومەتی ئەمەریکا، لە لێدوانی جیادا، ڕۆژی پێنجشەممە وێڕای ناساندنی سوپای پاسداران وەک "مەترسی بۆ سەر جیهان"، پشتیوانییان لە پۆلێنکردنی ئەو ڕێکخراوە وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهان" کرد.

ئەبرام پێلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کە ئێستا بە "X" ناسراوە دەڵێت" ئێمە بە تەواوەتی پشتیوانی لە لە هەوڵەکان دەکەین بۆ پۆلێنکردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەسەر ئاستی جیهانیدا. ئەمەریکا سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە و ئەم گرووپە بە هەڕەشە بۆ سەر جیهان دادەنێت".

پێشتریش هەر ڕۆژی پێنجشەممە ڤێدانت پەتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا لەگەڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەدا هاوڕایە کە سوپای پاسداران وەک گروپێکی تیرۆریستی پۆلێن بکەن یان نا، گوتی "با بە ڕوونی بیڵێم، سوپای پاسدارانی ئێران مەترسییە بۆ سەر جیهان. ئێمە بە تەواوەتی پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکەین کە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە جیهاندا دەستنیشان بکرێت و پشتیوانی لە هەوڵانە لە سەرانسەری جیهاندا دەکەین. ئەمەش شتێکە کە ئێوە دەزانن ئەمەریکا کردووەیەتی و سوپای پاسدارانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی پۆلێن کردووە."

ئەمەریکا لە ساڵی 2019 و سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی ترامپ سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی دەستنیشان کرد. ئەمە یەکەمجار بوو کە ئەمەریکا یەکەیەکی سەربازیی حکومەتێک وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات.

بە پێی ڕاپۆرتان ئەڵمانیا، لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا فشار دەخەنە سەر یەکێتی ئەوروپا تا سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی جیهانی بناسێنێت.

ئاژانسی دەنگوباسی DPA ی ئەڵمانیا ڕۆژی 27ی مانگ بڵاوی کردەوە " چەند وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا لە ناویاندا ئەڵمانیاش هەوڵ دەدەن سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنن لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای ئەڵمانیا."

پشتیوانی ئەمەریکا بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە کاتێکدایە کە کۆمیتەی ڕزگاری ئێرانی بەریتانیاش ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند زیاتر لە 550 نوێنەری هەردوو خانەی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانی قووڵی خۆیان سەبارەت بە سەرکوتکردنی دڕندانە لە ئێران دەربڕیوەو پشتیوانی دەکەن لەوەی سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران پاش شۆڕی ئێران لە ساڵی 1979 لەلایەن ئایەتوڵا خومەینی وەک لقێکی سەربازی بە فەرمی دامەزراو ئێستا لە ژێر چاودێری ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدا کاردەکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG