Accessibility links

ئێران کراوەیە بە ڕووی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکاندا لەگەڵ بەلجیکا


ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیل
ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیل

ڕۆژی دووشەممە ئێران ڕایگەیاند کراوەیە بە ڕووی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکاندا لەگەڵ بەلجیکا، ئەمەش دوای ئەوەی دادگایەکی دەستووری پەیماننامەیەکی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی پشتڕاست کردەوە لە دۆسیەیەکدا کە ڕەنگە دیبلۆماتکارێکی تاوانبارکراوی ئێرانی لە بەلجیکا لەگەڵ کارمەندێکی بەلجیکی یارمەتییە مرۆییەکاندا کە لە ئێران زیندانی کراوە ئاڵوگۆڕ بکرێن.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئێران ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بیانی و دوو ڕەگەزنامەی دەستگیر کردووە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و تاوانەکانی دیکەی ئاسایش تۆمەتباری کردوون. زۆرێکیان تاوانبار کراون و فەرمانی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دوابەدوای دادگاییە نهێنییەکان کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەو هاوڵاتیانە مافی گرتنەبەری ڕێکاری یاساییان لێسەندراوەتەوە و سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیل کارمەندێکی بەلجیکی یارمەتییە مرۆییەکانە و لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا لە ئێران دەستبەسەر کرا. لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا سزای 40 ساڵ زیندانیکردن و لێدانی بە 74 قامچی بەسەردا سەپێندرا. ڤاندیکاستیل چەندین ساڵ کاری بۆ گروپی مرۆیی پزیشکانی جیهان کردووە، لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا لە ئێران دەستبەسەرکرا. پزیشکانی جیهان دەڵێت بارودۆخی دەستبەسەرکردنەکەی ژیانی ڤاندیکاستیلی خستۆتە مەترسییەوە.

هاوکات دیبلۆماتکارێکی ئێرانی بە ناوی ئەسەدوڵا ئەسەدی لە بەلجیکا زیندانیکراوە، ئەسەدی لە نەمسا کاری کردووە، لە ساڵی 2018 دا دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا و بەلجیکا و فەڕەنسا شکستیان بە پلانگێڕییەکی هێنا بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک بە گروپێکی دەربەدەری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا لە دەرەوەی پاریس.

دوای سێ ساڵ لە دەستبەسەرکردنی، بەلجیکا لە ساڵی 2021 دا بە تۆمەتی تیرۆر سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەسەدیدا سەپاند.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی ئێستا کراوەن بە ڕووی جێبەجێکردنی پەیماننامەی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکاندا. وتیشی " بەپێی پێشهاتەکانی ئەمدواییانە، هیوادارین کراوەنەیەک ببینین سەبارەت بە دۆسییەی ئەم دیبلۆماتکارە."

یاسادانەرانی بەلجیکا لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا پەیماننامەکەیان پەسەند کرد، بەڵام بەهۆی هەوڵە یاساییەکانی گروپە دەربەدەرە ئۆپۆزسیۆنەکەی ئێرانەوە جێبەجێکردنی پەیماننامەکە ڕاگیرابوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG