Accessibility links

خۆپیشاندەرانی بەلجیکا داوا لە ئێران دەکەن کارمەندێکی مرۆیی بەلجیکایی ئازاد بکات


ڕۆژی یەکشەممە سەدان خۆپیشاندەر داوایان لە بەلجیکا کرد هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی ئێران ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیل ئازاد بکات، کە کارمەندێکی مرۆییە و لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی بڕوکسلی پایتەخت گردبوونەوە، هاوارییان دەکرد " ڤاندیکاستیل ئازاد بکەن " و پیرۆزبایی ڕۆژی لە دایک بوونیان لێدەکرد، کە لەم هەفتەیەدا دەبێتە 42 ساڵ.

ناتالی خوشکی ڤاندیکاستیل بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " مەبەستمان ئەوەی پیشانی حکومەتی بدەین کە ناتوانین کەسێکی بێتاوان لەوێ جێبهێڵین."

وتەبێژی خێزانی ڤاندیکاستیل، ئۆلیڤیێر ڤان شتێرتیگم جەختی لەوە کردەوە " هەر خولەک و چرکەیەک گرنگە " و هیوادارە زیادبوونی فشاری گشتی لەسەر حکومەت ببێتە هۆی ئازادکردنی ڤاندیکاستیل و ناچارکردنی بەرپرسانی بەلجیکا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.

ڤاندیکاستیلی تەمەن 41 ساڵ لە مانگی دووی ئەم ساڵدا لە ئێران دەستبەسەرکرا و حکومەتی بەلجیکاش دەڵێت لە ڕەوشێکی " نامرۆییدا " زیندانی کراوە.

بەرپرسانی ئێران لەم مانگەدا سزای زیاتر لە 12 ساڵ زیندانییان بەسەر ڤاندیکاستیلدا سەپاند، هەروەها فەرمانییان کرد 74 جار بە قامچی لێی بدرێت.
شارەزایانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی ڕەخنەیان لە دەستبەسەرکردنی ڤاندیکاستیل گرتووە و دەڵێت " بە تەواوەتی پێشێلکردنی " یاسای نێودەوڵەتییە.

لایەنگرانی ڤاندیکاستیل و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن دەستبەسەرکردنی ڤاندیکاستیل بەشێکە لە " سیاسەتی بارمتەی " ئێران لە هەوڵیدا بۆ ئەوەی بەلجیکا ناچار بکات دیبلۆماتکارێکی ئێرانی ئازاد بکات کە بە تۆمەتی تیرۆر لە بەلجیکا لە زینداندایە.

لە مانگی دوانزەدا وەزیری دادی بەلجیکا وتی ڤاندیکاستیل بەهۆی " کۆمەڵێک تۆمەتی ساختە و دروستکراوەوە " لە زینداندایە و سزادانیشی لەلایەن ئێرانەوە وەکو وەڵامێکە بۆ بڕیارەکەی ساڵی 2021 ی دادگایەکی بەلجیکی کە تیایدا سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دیبلۆماتکارێکی ئێرانیدا سەپاند.

ئەسەدوڵا ئەسەدی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کارێکی تیرۆریستی تۆمەتبار کرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا و لە نزیک پاریس لە پلانێکی شکستخواردوودا هەوڵیدا بۆمبێک بە گردبوونەوەیەکی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرخۆدانی ئێراندا بتەقێنێتەوە کە گروپێکی دەربەدەری ئێرانین و دژی کۆماری ئیسلامین.

حکومەتی بەلجیکا جەخت لەوە دەکاتەوە " هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی دەدات " بۆ ئازادکردنی ڤاندیکاستیل و دەڵێت تیمە یاساییەکەی پتەوتر کردووە بۆ چارەسەرکردنی دۆسییەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG