Accessibility links

لە پاریس خۆپیشاندان دەکرێت و داوا دەکرێت هاوڵاتیانی ئەوروپی لە ئێران ئازاد بکرێن


بێرنارد فیلان،
بێرنارد فیلان،

خێزان و هاوڕێییانی ئەو هاوڵاتییە ئەوروپییانەی کە لە ئێران زیندانی کراون لە پاریس گردبوونەوە و داوایان کرد ئازاد بکرێن.

لەم هەفتەیەدا حکومەتی فەڕەنسا سەرکۆنەی دۆخی خراپی ئەو حەوت هاوڵاتییە فەڕەنسییە کرد کە لە زیندانەکانی ئێراندا زیندانی کراون و وتی دەستبەسەرکردنەکان " بێ هۆکارن و جێی پەسەند کردن نین."

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئێران ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بیانی و دوو ڕەگەزنامەی دەستگیر کردووە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و تاوانەکانی دیکەی ئاسایش تۆمەتباری کردوون. زۆرێکیان تاوانبار کراون و فەرمانی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دوابەدوای دادگاییە نهێنییەکان کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەو هاوڵاتیانە مافی گرتنەبەری ڕێکاری یاساییان لێسەندراوەتەوە و سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

لایەنگران و ئەندامانی خێزانی چوار لە زیندانییە فەڕەنسییەکان، لوی ئارنۆد و فەریبا عادلخان و بێجامین برێر و سیسیل کۆهلەر، گردبوونەوەیەکی بێدەنگیان لەسەر ڕووباری ساین ئەنجامدا.

لایەنگرانی ئەو هاوڵاتیانە وتیان ئەوان سەرجەمییان بە هەڵە تۆمەتبار کراون و هەندێکیان لە بارودۆخێکی خراپی جەستەیی و دەروونیدان، یاخود خراونەتە زیندانی تاکە کەسییەوە. وتیان " زۆربەی مافە سەرەتاییەکانیان لێسەندراوەتەوە،" ناتوانن پەیوەندی بە خۆشەویستانیانەوە بکەن.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، ئارنۆد لە 28 ی مانگی نۆدا لە کاتێکدا کە وەکو گەشتیارێک لە لە ئێران بووە و دەستبەسەر کراوە. بێرنارد فیلانیش ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کراوە و پێویستی بە چارەسەری تەندروستی هەیە و نایدەنێ.

لە ماوەی ڕابردوودا دەیان کەس لە پارکێکی نزیک بورجی ئایفڵ گردبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیل دەربڕی، کە کارمەندێکی بەلجیکی یارمەتییە مرۆییەکانە و لە ئێران دەستبەسەر کراوە. ڤاندیکاستیل چەندین ساڵ کاری بۆ گروپی مرۆیی پزیشکانی جیهان کردووە، لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا لە ئێران دەستبەسەرکرا. پزیشکانی جیهان دەڵێت بارودۆخی دەستبەسەرکردنەکەی ژیانی ڤاندیکاستیلی خستۆتە مەترسییەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG