Accessibility links

هاوکاتی زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، دەیان کەس لە ژێر هەڕەشەی سزای مەرگدان


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن چەند کەسێکی ئێرانی مەترسی ئەوەیان لەسەرە بەم نزیکانە لەسێدارە بدرێن لەسەر خۆپیشاندانەکانی کە سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە.

ئەم هۆشدارییە پاش کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانە لەسەر یەکەم لەسێدارەدانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا.

ڕۆژی پێنجشەممە کۆماری ئیسلامی ئێران موحسن شەکاری تەمەن 23 ساڵانی لەسێدارە دا، کە شارەزایان دەڵێن لە "دادگاییەکی سەرپێییدا" بە تۆمەتی هێرش کردنە سەر ئەندامێکی هێزەکانی ئاسیش ئەو سزایە درابوو.

موحسن شەکاری
موحسن شەکاری

دەستەی دادوەری ئێران ڕایگەیاندووە هەتا ئێستا 11 کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سزای مەرگیان بەسەردا دراوە و نوێنەرێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەلایەنی یەکێک لەوانە کوردە.

تەیمور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بنکە لە ژنێڤ دەڵێت " بە پێی زانیارییەکانی ئێمە هەتا ئێستا لەو 11 کەسە یەکێکیان، بەناوی سامان یاسین سەیدی، کوردە. لە هەمانکاتدا 2 تا شەش خۆپیشاندەری تری لە شاری شنۆ حوکمی موحارەبەیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام هەتا ئێستا حوکمەکە لە دادا پشتڕاست نەکراوەتەوە."

تاوانی موحارەبە یەكێکە لە گرنگترین تاوانەکانی دژ بە ئاسیشی نیشمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناو خۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحارەبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە. ئەم سزایە یەکەم جار لەلایەن سادق خەڵخاڵی دادوەری شەرعی داگادگای ئینقیلاب لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ لەسێدارەدانی دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهات.

دەستەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە مەترسی لەمەڕ لەسێدارەدانی هونەرمەندی کورد سامان یاسین دەربڕی.

بە گوێرەی سەرچاوەکان ئەو هونەرمەندەی کە بە بەهۆی گۆرانییەکانی کە دەوترێت تیایدا ڕەخنەی لە حکومەت گرتووە و سزای مەرگی بەسەردا دراوە، لە زیندانی ئێوێنەوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، بنکە لە ئۆسلۆ لەمساڵدا زیاتر لە 500 کەس لە ئێران سزای مەرگیان بسەردا جێبەجێ کراوە. بەڕێز ئەلیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " 82 لەوانە کورد بوون و نزیکەی 145 یشیان بەلوچ بوون".

لە ئێستادا فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران لە زیادبووندایە بەهۆی تۆمارەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی پۆلتیکۆ ئەمەریکا داوا دەکات ئێران لە دەستەی مافەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت. کۆتایی مانگی ڕابردووش ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی لە ئێران پێکهێنا.

بەڕێز تەیموری ئەم هەنگاوانەی کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی بە بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت " ئێمە زۆر خۆشبینین بەو میکانیزمە نێونەتەوەییەی کە 24 ی نۆڤامبەر، لە ئەنجومەنی مافکانی مرۆڤ پێکهات، کە وەکو دادگایەکەو ئەرکەکەی کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕاگرتی ئەو بەڵگانەیە بۆ دادگایی کردنی سەران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دادگایەکی نێونەتەوەیی، ناوچەیی یان نیشتمانیدا."

دیمەنی خۆپیشاندەرێک لە تاران
دیمەنی خۆپیشاندەرێک لە تاران

بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بەشێکە لە سەرکوتکارییەکانی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران.

لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیرکرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێکرد. ئەمەش گەورەترین ناڕەزایەتی سەرتاسەرییە لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 وە.

بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکردووە بەلایەنی کەم 458 کەس کوژراون لە ناویاندا 63 منداڵ و 29 ژنیش و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی 9 وە هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 14 هەزار کەسیش دەسگیرکراون.

XS
SM
MD
LG