Accessibility links

شۆڵز پلانی تانکەکان بۆ ئۆکرانیا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات


دوای چەند هەفتەیەک لە دوودڵی کە نیگەرانی خستەوە لە نێو هاوپەیمانەکانی ئەڵمانیادا، پێشبینی دەکرێت ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ڕۆژی چوارشەممە ڕایبگەیەنێت کە وڵاتەکەی ڕەوانەکردنی تانکی دروستکراوی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات.

بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی ئەڵمانیا دوای ئەوە هات بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان ڕێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە بۆ ئەوەی ئەمەریکا تانکی ئێم 1 ئابرامز بدات بە ئۆکرانیا، لە هەوڵێکدا بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا.

شۆڵز جەختی لەوە کردۆتەوە هەر جووڵەیەک بۆ پێدانی تانکی لیۆپاردی 2 ی ئەڵمانی بە ئۆکرانیا دەبێت لە نزیکەوە بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەڵمانیادا، بە تایبەتی ئەمەریکا.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ نیازەکانی ئەمەریکا و ئەڵمانیای بۆ پێدانی تانک بە ئۆکرانیا بە " پلانێکی کارەساتاوی " ناوبرد.

ڕۆژی چوارشەممە پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " من دڵنیام لەوەی زۆرێک لە شارەزایان لە نابەجێیی ئەم بیرۆکەیە تێدەگەن."

گوتی " ئەمە زیاتر پلانێکی کارەساتاوییە. شتە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەمە زیادەڕۆیی کردنەوە لەوەدا کە تانکەکان توانای هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا زیاد دەکەن. ئەمە هەڵەیەکی ترە، هەڵەیەکی گەورەترە."

گوتیشی " ئەم تانکانەش وەکو ئەوانی دیکە دەسوتێندرێن، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە پارەی زۆرییان تێدەچێت، ئەوەش دەکەوێتەوە سەر شانی باجدەرانی ئەوروپا."

بەرپرسی ئەکادیمیای سیاسەتی ئاسایشی سەربازی فیدڕاڵی ئەڵمانیا ئێکهارد برۆس گوتی بەستنەوەی ئەمەریکا بەم بڕیارەوە گرنگ بوو، ئەوەش بۆ ئەوەی ئەوروپا بە دووربگرین لەوەی بە تەنها ڕووبەڕووی جەنگێکی ئەتۆمی ببێتەوە لەگەڵ ڕووسیادا.

بەڵام ئاماژەی بە گرنگی بڕیارەکەدا لە ڕووی مێژووەوە.

گوتی " تانکەکانی ئەڵمانیا جارێکی دیکە لە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی تانکەکانی ڕووسیا دەبنەوە." وتیشی " ئەمە بڕیارێکی ئاسان نەبووە بۆ ئەڵمانیا " کە هێشتا بەرپرسیارێتی ترسناکییەکانی جەنگی جیهانی دووەمی بە جددی وەرگرتووە.

گوتیشی " بەڵام بڕیارێکی ڕاستە." گوتی ئەوە بەندە بە دیموکراسییەکانی ڕۆژئاواوە یارمەتی ئۆکرانیا بدەن هەڵمەتە سەربازییەکەی ڕووسیا ڕابگرێت.

ئەندامانی حکومەتە هاوبەشیەکەی شۆڵز پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد پێش ئەوەی بە فەڕمی ڕابگەیەندرێت، کە پێشبینی دەکرێت دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا ڕابگەیەندرێت.

یاسادارانی پارتی سەوزی ئەڵمانیا کاترین جیۆرینگ ئێکاردت وتی " لیۆپاردەکان ئازاد کران!"

یاسادانەری پارتی سۆشیال دیموکراتی ئازاد ماری ئاگنیس ستراک زیمەرمان وتی " بڕیاری پەسەندکردنی داوای وڵاتانی دیکە بۆ پێدانی لیۆپاردی 2 سەخت بوو، بەڵام نەتوانراوە خۆتی لێبەدوور بگریت."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG