Accessibility links

ڕابەرانی فینلەندا: دەبێت فینلەندا " بەبێ دواکەوتن " داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات


سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ
سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ

سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ و سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ساننا مارین وتیان دەبێت فینلەندا " بەبێ دواکەوتن " داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ئاسایشی وڵاتەکەدا کە لە داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەرچاوەی گرتووە.

فینلەندا کە سنوورێکی 1300 کیلۆمەتری و مێژووییەکی سەختی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، لە ساڵی 2014 ەوە کاتێک ڕووسیا نیمچە دورگەی کرایمییەی گرتەخۆی، هاریکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا زیاتر کردووە.

بەڵام تاوەکو پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا فینلەندا خۆی بەدوورگرتبوو لە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەوەش لەپێناو پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا.

نینیستۆ و مارین لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " دەبێت فینلەندا بەبێ دواکەوتن داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات."

وتیشیان " هیوادارین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەخێرایی هەنگاوە نیشتیمانیەکان بگیردرێنەبەر کە هێشتا پێویستن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG