Accessibility links

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا بە توندی سەرکۆنەی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەکات


دمیتری مێدڤیدیڤ
دمیتری مێدڤیدیڤ

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی " جەنگێکی بریکاری " دژی ڕووسیا هەڵگیرساندووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یارمەتییەکی 40 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا پەسەندکرد، وتیشی ئابووری ئەمەریکا لە داهاتوودا دەناڵێنێت.

مێدڤیدیڤ وتی پەسەندکردنی ئەو پێشنیارە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە هەوڵێک بوو بۆ " شکستپێهێنانی وڵاتەکەمان و سنووردارکردنی گەشەی ئابووریمان و خستنەوەی کاریگەرییەک لە جیهاندا."

مێدڤیدیڤ پێشتر سەرۆک وەزیری ڕووسیا بووە و لە ساڵی 2020 دا دەستی لەکارەی کێشایەوە و لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیایە.

سەرۆکی پەرلەمانی ڕووسیا ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدینیش ئەمەریکای تۆمەتبار کرد و وتی ئەو یارمەتییە بەکاردەهێنێت بۆ " قەرزارکردنی " ئۆکرانیا و لەجیاتی پارەکە یەدەگەکانی گەنمی ئۆکرانیا دەبات.

وتی " واشنتن هۆڵۆدۆمۆری لە ئۆکرانیا دەوێت." هۆڵۆدۆمۆر پەتایەکی دەستکرد بوو لە ساڵی 1930 یەکاندا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ملیۆنان کەس.

جێی ئاماژەیە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی ئۆکرانی، هەروەها بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە زیانێکی گەورە بە شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا گەیشتووە، هەندێکییان خاپوور بوون.

وڵاتانی ڕۆژئاواش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا یارمەتی دارایی و سەربازییان پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە و سزای ئابووری توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG