Accessibility links

یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت سوپای پاسدارانی ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریستی بناسێندرێت


پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا

ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، وتیان پاسدارانی ئێران ئەو هێزەن کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا.

لە کاتێکدا کە هەوڵەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕاگیراون، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئێران لەم چەند مانگەی ڕابردوودا خراپتر بوون. تاران چەندین هاوڵاتی ئەوروپی دەستبەسەر کردووە و یەکێتییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەخنەی لە بەردەوامبوونی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە دژی خۆپیشاندەران و لە سێدارەدانی هاوڵاتیانی ئێرانی.

لە مانگی نۆدا دوای ئەوەی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا سەریهەڵدا.

لە نوسراوێکدا کە زۆرینەی یاسادانەرانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا پشتگیریییان لێکردووە، پەرلەمانی ئەوروپا سەرکۆنەی " سەرکوتکارییە دڕندانەییەکەی ئێرانی کردووە، بە سوپای پاسدارانی ئێرانیشەوە، دژی خۆپیشاندانەکان کە لە دوای ئەوەی ژینا ئەمینی بە توندی دەستبەسەرکرا و لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە خراپ مامەڵەی لەگەڵدا کرا و گیانی لە دەستدا، سەریانهەڵدا."

نوسراوەکە داوا لە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام دەکات سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، ئەوەش بەهۆی " چالاکییە تیرۆریستییەکانی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیاوە."

پەرلەمانی ئەوروپا هیچ دەسەڵاتێکی نیە یەکێتی ئەوروپا ناچار بکات سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە ئەو لیستەوە. بەڵام نوسراوەکە کە لە هەموارکردنەوەی بڕیارێکدا هاتووە و لەلایەن یاسادانەری پۆڵەندی ئانا فۆتیگاوە پێشنیار کراوە، پەیامێکی سیاسیی ڕوونە بۆ تاران.

دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەوە دەگەیەنێت ئەندامێتی لەو سوپایەدا لەلای یەکێتی ئەوروپا تاوانە و هەر سەرمایەیەکی هەبێت لە یەکێتی ئەوروپادا سڕ دەکرێت. هەروەها چیتر ناتوانێت پارە لە دانیشتوان و کارەکانی یەکێتی ئەوروپاوە وەربگرێت.

598 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی نوسراوەکە دەنگیاندا، 9 ئەندام دژایەتییان کرد و 31 ئەندامیش دەنگیان نەدا.

بڕۆکسل تاوتوێی چوارەمین خولی سزاکان دەکات بەسەر تاراندا و سەرچاوە دیبلۆماسییەکانیش وتوویانە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش زیاد دەکرێنە سەر لیستی سزاکانی هەفتەی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا دژ بە ئێران.

بەڵام هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە داوایان کردووە جگە لە سزاکانیش سوپای پاسدارانی ئێران بە گشتی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت. پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەڕیتانیا بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG