Accessibility links

تێلیگراف: بەڕیتانیا بە نیازە سوپای پاسدارانی ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریستی بناسێنێت


وەزیری ئاسایشی بەڕیتانیا تۆم تونگیندهات
وەزیری ئاسایشی بەڕیتانیا تۆم تونگیندهات

تێلیگراف بڵاویکردەوە بەڕیتانیا بە فەڕمی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریستی ڕادەگەیەنێت، سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت حەوت کەسی پەیوەندیداری بە بەڕیتانیاوە لە ئێران دەستگیرکردووە.

لە ڕاپۆرتەکەی تێلیگرافدا هاتووە دەڵێت بڕیارەکە لەم هەفتەیەدا ڕادەگەیەندرێت، هەروەها لەلایەن وەزیری ئاسایشی بەڕیتانیا تۆم تونگیندهات و وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمانیشەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریستی مانای ئەوە دەبێت ئەگەر هەر کەسێک سەر بەو گروپە بێت یاخود ئامادەی کۆبوونەوەکانی بێت و لۆگۆی گروپەکە لە شوێنی گشتیدا دەربخات ئەوا وەکو ئەنجامدانی تاوان سەیر دەکرێت.

هەفتەی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی ئێران حەوت کەسی دەستگیرکرد کە پەیوەندییان بە بەڕیتانیاوە هەبوو. خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێرانیش دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ دێت کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک داوای لە ئێران کرد دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتیانە ڕابگرێت کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە، وتی نابێت ئەو کارە بۆ دەستکەوتنی " کاریگەرییەکی دیبلۆماسی " بەکاربهێندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG