Accessibility links

ئێران پەرە بە هێزی دەریایی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەدات


میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئێسلامی ئێران بە تەمایە دوو کەشتی بارهەڵگری تایبەت بە هەڵگرتنی کۆنتێنەر بگۆڕێت بۆ کەشتییە سەربازییەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

بەپێی کۆمەڵێک وێنە کە شارەزایەکی سەربەخۆی بواری دەریایی بە ناوی ئێچ ئای ساتۆن هەفتەیەک پێش ئێستا بڵاویکردووەتەوە، کەشتییەکی کۆنتێنەر کە ئاڵای ئێرانی لەسەر بووە، لە ئێستادا خەریکە دەکرێتە کەشتییەکی جەنگی بۆ هەڵگرتنی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

ساتۆن لە هەژماری تویتەری خۆی نووسیوێتی توانا دەریاییەکانی ئێران لەگەشە و جددی بوونی زیاتردایە.

ئنستتیۆتی دەریایی ئەمەریکا کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆی ناحکومییە لە بەشی هەواڵەکانی ماڵپەرەکەی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ساتۆن و هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی لە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە سوپای پاسداران لە پیشەسازی کەشتی و دەریایی ئێران لە بەندەرعەباس نزیک لە تەنگەی هۆرمۆز خەریکی گۆڕینی بەکارهێنانی کەشتیەکانی بارهەڵگرە بۆ هەڵگرتن و هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی .

ئەو ئینستتیۆتە لە ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بەو وێنانەی لە لایەن ساتۆنەوە بڵاو کراونەتەوە، نووسیوێتی "لە کۆمپانیای کەشتیسازی و پیشەسازی دەریایی ئێران (ISOICO) لە بەندەر عەباس لە نزیک تەنگەی هۆرمۆز کەشتییەکی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بەناوی شەهید مەهدەوی کە پێشتر کەشتییەکی کۆنتێنەری ئێران بووە، خەریکە دەگۆڕدرێت بۆ کەشتییەکی جەنگی بۆ هەڵگرتنی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان."

جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی سەرمایەگوزارییەکی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیدا کردووە.

سوپای ئۆکرانیا چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراووی ئێرانی تێکشکاندووە.

کەناڵی 12ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە کە ئێران تا ئێستا هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گواستۆتەوە بۆ ڕووسیا.

هەروەها دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا لەوانەش بەریتانیا، ڕادەستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان بۆ ڕووسیا پشتڕاستکردووەتەوە و بەو مەبەستەش سزایان بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە .

کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی ئەم پرسەی ڕەتکردۆتەوە و لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە ڕۆڵی ئێران لە بەهێزکردنی هێزی سەربازی مۆسکۆ لە بەرامبەر ئۆکرانیادا دەکەن.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ بەئامانجگرتنی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەڕێگەی سزاکان و کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردن.

ئادرین واتسۆن لە بەیاننامەیەکدا گوتی "ئێمە خەریکی هەڵسانگاندنی ڕێگای زۆرترین بۆ کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردن بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە."

هەر لەم چوارچێوەیەدا، سی ئێن ئێنیش هەواڵی دۆزینەوەی ٤٠ پارچەی دروستکراوی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیان لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئێرانی کە لەلایەن ئۆکرانیا خراوەتە خوارەوە، بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێندا باس لەوە دەکرێت کە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی هەواڵگری ئۆکرانیا، لە کۆی ٥٢ پارچەی بیانی کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا بەکارهێنراون، ٤٠ پارچەیان لەلایەن ١٣ کۆمپانیای جیاوازی ئەمریکییەوە دروستکراون و ١٢ پارچەی دیکەش لەلایەن کۆمپانیاکانی سویسرا و کەنەدا و ژاپۆن , تایوان و چین دروستکراون.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران هەروەها چەند ساڵێکە لەلایەن گروپە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەکاردەهێنرێن، لەوانەش حوسییەکانی یەمەن.

شەممەی ڕابردووش هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی مەشقی سەربازی سوپای پاسداران لە ئاوەکانی باشووری ئێران، هەڵدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەی ئەبابیلی تاقی کردەوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ئاراستەی ئامانجێک لە ناو خاکی ئێراندا کرا کە پێدەچوو کۆپی بنکەیەکی دەریایی ئیسرائیل بێت.

شایانی باسە هەروەها لە نوێترین هەنگاویشدا، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC )، ڕۆژی هەینی، ٦ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە سزای بەسەر شەش بەڕێوەبەری باڵا و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی قودس و هەروەها بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاندوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خەزێنە، کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی قودس بەرپرسیارە لە دیزاینکردن و بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی کە ڕووسیا لە دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت.

سەرچاوە/ ماڵپەڕ و تویتەری ئێچ ئای ساتۆن، ئنستتیۆتی دەریایی ئەمەریکا، ماڵپەری سی ئێن ئێن

XS
SM
MD
LG