Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت بەبێ فەرمانی دادگا ناتوانێت سوپای پاسدارانی ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریست بناسێنێت


بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ دەڵێت یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە هەتاوەکو ئەو کاتەی دادگای یەکێتی ئەوروپا بڕیاری لەسەر نەدات.

هەفتەی ڕابردوو دوو دیبلۆماتکاری ئەوروپا بە ڕۆیتەرزییان وت بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا 37 ناو بخەنە لیستی ئەو کەس و لایەنانەوە کە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە لە ئێران سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت.

پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە سوپای پاسدارانی ئێران وەکو لایەنێکی تیرۆریست بناسێنێت، دەڵێت سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە و پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ لە کاتی گەیشتنیدا لە بڕۆکسل بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتییەکەدا، بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوە شتێکە کە ناتوانرێت بەبێ دادگا بڕیاری لەسەر بدرێت، سەرەتا دەبێت دادگا بڕیاری لەسەر بدات. ناتوانیت بڵێیت تۆ وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنم لەبەر ئەوەی بە دڵم نیت."

وتی دادگای وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەبێت سەرکۆنەکردنێکی بەرجەستەی یاسایی دەربکات پێش ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بتوانێت خۆی بجوڵێت و بڕیار بدات.

سوپای پاسدارانی ئێران بە ماوەیەکی کورت دوای شۆڕشە ئیسلامییەکەی ساڵی 1979 ی ئێران دروست بوو، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سیستمە دەسەڵاتە ڕۆحانییەکەی ئێران و دابینکردنی پشتیوانی بۆ هێزە چەکدارە ئاساییەکانی ئەو وڵاتە.

نزیکەی 125,000 سەربازی لە سوپا و هێزی دەریایی و یەکە ئاسمانییەکاندا هەیە. هەروەها سەرکردایەتی میلیشیای باسیجی ئاینیش دەکات کە هێزێکی چەکداریی خۆبەخشن و پشتیوانی لە سیستمی دەسەڵاتی ئێران دەکەن و زۆرجاریش سەرکوتکارییان دژی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت ئەنجام داوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە بڕۆکسل وتی یەکێتی ئەوروپا دەبێت باس لەوە بکات سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی سزاکانەوە.

وتی " هێشتا لە ئێران ڕژێمێکی دڕندە دەبینین دژی دانیشتوانەکەی خۆی. ڕژێمی ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دانیشتوانی خۆیان تیرۆر دەکەن."

جێی ئاماژەیە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و تاران خراپتر بوون، لە کاتێکدا کە گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان بە چەق بەستوویی ماوەتەوە.

تاران چەندین هاوڵاتی ئەوروپیشی دەستبەسەر کردووە و یەکێتییەکە ڕەخنەی توندی لە سەرکوتکارییە دڕندانەییەکەی ئێران گرتووە دژی خۆپیشاندەران و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG