Accessibility links

کاردانەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە هەوڵەکان بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران


پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا

میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاندوە کە بارەگای گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە چالاکییەکانی نێوان سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئەو وڵاتە هەماهەنگ دەکات، ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریی داوەتە یەکێتیی ئەورووپا کە ئەو قەوارە سەربازییە نەخەنە لیستی تیرۆرەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەنگی لەسەر بڕیارنامەیەک لە ژێر ناوی "وەڵامی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ناڕەزایەتییەکان و لەسێدارەدانەکان لە ئێران" دا و داوای لە یەکێتی ئەورووپا کرد کە سزا بخاتە سەر عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و بنەماڵەکانیان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، کە بە پێی ئەم بڕیارنامەیە بەرپرسن بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپیش ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ئەم مانگە سەبارەت بە بڕیارەکەی یەکێتی ئەورووپا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند و گوتی "پشتیوانی لە بڕیاری پەرلەمانی ئەورووپا دەکەین بۆ شەرمەزارکردنی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بە هۆی ئەو کارانەی کە دەیکات، لەوانەش تێوەگلانی لە سەرکوتی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و هەروەها پشتیوانی لە داواکارییەکەی بۆ خستنە ناوی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا دەکەین."

ئەو بەرپرسە میدیاییەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گوتیشی "زۆر خۆشحاڵین و پێزانینمان هەیە بۆ بڕیاری ئەم دواییەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەوەی ناوی بەرپرسان و دامەزراوەکانی سوپای پاسداران بخەنە لیستی سزاکانەوە بەهۆی تێوەگلانیان لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، کە بۆ هێرشە ترسناکەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانە گرنگەکانی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێت."

دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەکەی یەکێتی ئەرووپا، بارەگای گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی لە ئەوروپا کرد و هۆشداری دا لە دەرئەنجامەکانی ئەو هەنگاوانەی یەکێتییەکە بۆ خستنە ناوی سوپای پاسداران لە لێستی تیرۆردا.

بەیاننامەکەی بارەگای گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، پەرلەمانی ئەوروپای بە "بێدەسەڵات" و لەژێر کاریگەری ئەمەریکا و ئیسرائیلدا ناوبردوە و نوسیوێتی "ئەو کارەی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەوروپا، جگە لەوەی داهێنانێکی سەرەڕۆیانەیە لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکاندا، کاریگەریشی دەبێت لەسەر ئارامی و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش و پێویستە پەرلەمانی ئەوروپا ئاگاداری دەرئەنجامەکانی بێت".

پێشتریش حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئەو کارەی پەرلەمانی ئورووپای بە "تەقەکردن لە پێی خۆی" ناوبردبوو.

هەروەها دوابەدوای بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا لەدژی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، ئیمام و بەرنوێژەکانی ڕۆژی هەینی لە سەرانسەری ئێراندا داکۆکی خۆیان لەم هێزە نیزامییەی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.

محەممەد جەواد عەلی ئەکبەری، ئیمامی کاتی تاران ڕۆژی هەینی ٢٠ی ئەم مانگە گوتی " ئەو کارەی پەرلەمانی ئەوروپا هیچ بەها و گرنگییەکی نییە."

ناوبراو بە بێ ئەوەی وردەکارییەکان بخاتەڕوو، گوتیشی کۆماری ئیسلامی "وڵامی شیاو و یەکلاکەرەوە" لەو بارەیەوە دەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG