Accessibility links

سەرۆک بایدن بەڵێن دەدات سیستمی بەرگری ئاسمانی بدات بە ئۆکرانیا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

دوای هێرشە موشەکییە گەورەکەی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا بە کیێڤی پایتەختیشەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنیدا بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کە ئەمەریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو دەدات بە ئۆکرانیا.

سەرۆک بایدن لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کردووە تاوەکو دڵنیایی بداتێ سەبارەت بە بەردەوام بوونی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا و سەرکۆنەکردنی " هێرشە بێبەزەییانەکەی " ڕووسیا دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکە وتی " سەرۆک بایدن بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لە دابینکردنی پێویستییەکانی ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، لەوانەش پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو."

کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن بە زێلێنسکی وتووە ئەمەریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا، " ڕووسیا بە بەرپرس دادەنێن لە تاوانەکانی جەنگ و کارە دڕندانەکانی، هەروەها یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن لە ڕووی ئاسایش و ئابووری و مرۆییەوە."

تاوەکو ئێستا لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەمەریکا بڕی زیاتر لە 16.8 ملیار دۆلاری لە یارمەتی سەربازیدا بۆ ئۆکرانیا خەرخ کردووە، هەروەها کۆمەڵێک سزای جۆراوجۆری ئابووری سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG