Accessibility links

سەرۆک بایدن سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا دەکات بۆ سەر ئۆکرانیا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکەی ڕووسیای کرد بۆ سەر ئۆکرانیا، وتی هاوڵاتیانی مەدەنییان کردۆتە ئامانج و هیچ هۆکارێکی سەربازیی لە پشتەوە نەبووە، هەروەها بەڵێنیدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بن لە سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆدا.

سەرۆک بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئەمڕۆی ڕووسیا دەکات لە سەرانسەری ئۆکرانیادا، بە کیێڤیشەوە. ئەم هێرشانە هاوڵاتیانی مەدەنییان کوشت و بریندار کرد و کۆمەڵێک ئامانجییان لەناوبرد کە هیچ هۆکارێکی سەربازییان لە پشتەوە نەبووە."

وتیشی " ئەوان جارێکی دیکە دڕندەیی جەنگە نایاساییەکەی بەڕێز پوتنیان لەسەر گەلی ئۆکرانیا دەرخست."

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا تاوەکو ئێستا بە بڕی زیاتر لە 16.8 ملیار یارمەتی سەربازیی داوە بە ئۆکرانیا، هەروەها کۆمەڵێک سزای جۆراوجۆری ئابووری سەپاندووە بەسەر مۆسکۆدا.

سەرۆک بایدن وتیشی " ئەم هێرشانە پابەندبوونی ئێمە پتەوتر دەکەن بۆ وەستانمان لە پاڵ گەلی ئۆکرانیادا تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت."

وتیشی " لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا، بەردەوام دەبین لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا بەهۆی دوژمنکارییەکەیەوە، پوتن و ڕووسیا بە بەرپرس دادەنێین لە کارە دڕندانەکانیان و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها یارمەتی پێویستی هێزەکانی ئۆکرانیا دەدەین تاوەکو بەرگری لە وڵات و ئازادییەکەیان بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG