Accessibility links

زێلێنسکی بە نیازە داوای سیستمی بەرگری ئاسمانی لە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشێکی ئاسمانی گەورەی کردە سەر شارەکانی ئۆکرانیا، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە نیازە داوا لە ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بکات بەپەلە سیستمی بەرگری ئاسمانی بدەن بە ئۆکرانیا.

ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانییەکان بە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی خەبەرییان بۆوە، بەشێکی وڵاتەکە بەبێ کارەبا ماونەتەوە. بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە 19 کەس گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی فشار بۆتەوە لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕووسیا لە دەستپێکی مانگی نۆوە کۆمەڵێک خاکییان لە ئۆکرانیا لە دەستداوە، پوتن وتی فەرمانی بە هێرشە موشەکییەکان کردووە وەکو وەڵامێک بۆ تەقینەوەکەی سەر پردەکەی کرایمیا کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا دەستی بەسەرداگرت.

کیێڤ و هاوپەیمانەکانی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیایان کرد، هێرشەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، لەوانەش وێستگەکانی کارەبا. موشەکەکان لە پارک و شوێنە گەشتیارییەکان و شەقامە قەرەباڵغەکانیشدا کەوتنە خوارەوە.

دواتر لە ڕۆژی سێشەممەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕابەرانی وڵاتانی دیکەی کۆمەڵەی حەوت لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆدەبنەوە و باس لەوە دەکەن دەکرێت چی شتێکی دیکە بکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، هەروەها گوێبیستی زێلێنسکیش دەبن.

زێلێنسکی داوای سیستمی بەرگری ئاسمانی کردووە، سەرۆک بایدنیش بەڵێنیداوە بیداتێ.

ڕۆژی سشەممە زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی لە کیێڤی پایتەخت بیستراوە و زۆرێک لە شەقامەکانی شارەکە چۆڵ بوون، دانیشتوانی شارەکە جارێکی دیکە لە میترۆکانی ژێرزەویدا خۆیان حەشاردا.

بەرپرسانی ئۆکرانیا باسیان لە هێرشی موشەکی زیاتر کردووە لە ڕۆژی سێشەممەدا، یەکێک لە هێرشەکان لە زاپۆریژای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بووە و لانیکەم کەسێک کوژراوە، بەڵام هاوشێوەی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە نەبووە کە سەرانسەری وڵاتەکەی گرتەوە.

بەیانی ڕۆژی سێشەممە نزیکەی 301 ناوچەی هەرێمەکانی کیێڤ و لڤیڤ و سومی و تێرنۆپیل و خیمیلنیتسکی کارەبایان نەبووە.

بەهۆی پچڕانی کارەباوە، ئۆکرانیا هەناردەکردنی کارەبای بۆ ماڵدۆڤای دراوسێی و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕاگرتووە، لە کاتێکدا کە ئەوروپا ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخەکانی کارەبا بۆتەوە و هەڵاوسانی ئابووریش کۆسپی خستۆتە بەردەم چالاکی پیشەسازییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG