نێردەی ئاشتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان دەڵێت لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا لە دوا خولەکدا گەیشتۆتە ڕێکەوتنێک لەگەڵ تاڵیبان، بۆ هێشتنەوەی تاڵیبان لە دەرەوەی کابول لە کاتێکدا ئەوان دانوستانی قۆناغی گواستنەوەیەکی سیاسییان کردوە، بەڵام دەڵێت بڕیارەکەی سەرۆک ئەشرەفی غەنی بۆ هەڵاتن لەو وڵاتە ئەو پلانەی پوچەڵ کردەوە.
زاڵمای خەلیلزاد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فاینانشیاڵ تایمز ئەوەی ئاشکرا کرد و دەڵێت" ئەو بۆ ماوەی دوو هەفتە دانوستانی لەگەڵ تاڵیبان کردووە،چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی پایتەختی ئەفغانستان بکەوێتە دەست تاڵیبان لە 15ی مانگی 8دا" گوتیشی "هەڵاتنی غەنی بۆشاییەکی ئاسایشی لەشارەکەدا دروستکرد، لەگەڵ ئەوەشدا وای لە تاڵیبان کرد لەو ڕۆژەدا بچنە ناو شارەکە".
خەلیلزاد دەشڵێت ئەو ڕێککەوتنە ڕێگەی بەغەنی دەدا لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ڕێکەوتنێک لەسەر حکومەتی داهاتووی ئەفغانستان لەدەوحە ئەنجامدەدرێت، تەنانەت ئەگەر تاڵیبان لەبەردەم دەروازەکانی کابولیشدا بونایە.
بەرپرسێکی تاڵیبان وردەکاری ئەو لێکتێگەیشتنەی پشتڕاست کردەوە کە لەگەڵ خەلیلزاد لە دوحەی پایتەختی قەتەر پێی گەیشتوون، کە ئۆفیسی سیاسیتاڵیبانی لێیە.