سێ سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتیان بانکەکانی ئەفغانستان کێشەی کەمیی دۆلارییان هەیە، بەهۆی ئەوەشەوە ئەگەر حکومەتی تاڵیبان پارە نەخاتە بازاڕەوە ئەوا ناچار دەبن بانکەکانیان دابخەن.
کەمبوونەوەی دۆلار لە وڵاتەکەدا مەترسی دروست دەکات بۆ ئابووری وڵاتەکە کە پێشتر زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بەو ملیۆن دۆلارانە دەبەستێت کە لە ئەمەریکاوە ڕەوانەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان کراون لە کابوڵ، لەوێشەوە دەگەنە دەستی بانکەکانی ئەفغانستان.
یەک مانگ دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، بانکەکان لەوە دەترسن کەمبوونەوەی دۆلار ببێتە هۆی زیادبوونی نرخەکانی خۆراک و کارەبا، هەروەها ببێتە هۆی هاوردەکردنی شتومەکەکان قورستر ببێت، بەوەش ڕەوشی دارایی ئەفغانیەکان خراپتر دەبێت.
دووان لە سەرچاوەکان وتیان هەرچەندە کەمبوونەوەی دۆلار چەند هەفتەیەکی خایاندووە، بانکەکانی ئەفغانستان لەم ڕۆژانەی دواییدا چەند جارێک سەبارەت بە نیگەرانیەکانیان حکومەتی نوێی وڵاتەکە و بانکی ناوەندییان ئاگادارکردۆتەوە.
دوای ئەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکردەوە، سەرمایە بیانیەکان لە بانکی ناوەندی ئەفغانستان سڕکران، ئەم بارودۆخە خراپەی بانکەکەش لەوانەیە ببێتە هۆی کۆسپ خستنە بەردەم یارمەتیە مرۆییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هاوڵاتیانی ئەفغانی.
بانکە بازرگانیەکانی ئەفغانستان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا داوایان لە بانکی ناوەند کردووە دۆلار بخاتە بازاڕەوە.
بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە و نیگەرانن لەوەی سندوقەکانی حکومەت لە کۆشکی سەرۆکایەتی و بانکی ناوەند ئەوەندە خاڵی بن کە نەتوانرێت داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.
دوای بیست ساڵ لە جەنگ و مردنی دەیان هەزاران کەس، ئابووری ئەفغانستان لە نەماندایە، سەرەڕای ئەوەی ملیاران دۆلار لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە دووبارە بونیادنانەوە وڵاتەکەدا خەرج کراوە.
وشکەساڵی و برسێتی هەزاران کەسی ناچارکردووە لە شارۆچکەکانەوە بەرەو شارەکان بڕۆن، بەرنامەی خۆراکی جیهانیش دەڵێت مەترسی ئەوە هەیە لە کۆتایی ئەم مانگەداخواردن نەمێنێت، بەوەش زیاتر لە 14 ملیۆن کەس بەهۆی برسێتیەوە دەکەونە لێواری مەرگەوە.
هاوڵاتیەکی کابوڵ وتی " سەرجەم ئەفغانیەکان و منداڵان برسین، تەنانەت فەردەیەک ئارد یاخود ڕۆنی خواردن دروستکردنیان نیە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز