Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت ئاماژە هەن لەسەر شیانی جوڵەی ڕێکخراوی ئەل قاعیدە لە ئەفغانستان


ئەمەریکا دەڵێن کۆمەڵێک ئاماژە هەن لەسەر ئەوەی لایەنگرانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی ئەل قاعیدە و داعش چاوییان لەسەر ئەفغانستانە، کە بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هاندراون.

ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان لە هەفتەی ڕابردوودا تیشک دەخەنە سەر ئەوەی لەنێو تیرۆریستەکاندا قسە و قسەڵۆک هەیە و تیایدا باس لەوە دەکەن ئارەزووی ئەوە دەکەن بچن بۆ ئەفغانستان، بەڵام بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ئەمەریکا وتی هەندێک لەو تیرۆریستانە پێشتر هاتوونەتە ئەفغانستانەوە.

جێگری بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا دەیڤد کۆهین وتی " لە ئێستاوە هەندێک ئاماژە دەبینین لەسەر شیانی جوڵەی ڕێکخراوی ئەل قاعیدە لە ئەفغانستان."

وتیشی " بەڵام هێشتا زووە." هۆشیاریشیدا لەسەر ئەوەی ئەل قاعیدە دەتوانێت لە ماوەی تەنها یەک ساڵدا دووبارە خۆی پێکبهێنێتەوە. وتیشی " لەبەر ئەوە بەدڵنیاییەوە لەنزیکەوە چاودێری ئەو بابەتە دەکەین."

بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا ڕەتیان کردەوە وردەکاری ناسنامەی ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوی ئەل قاعیدە ئاشکرا بکەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان، یاخود لەکوێوە دێن، بەڵام لەمدواییانەدا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لەڕێی ئینتەرنێتەوە بڵاوکراوەتەوە ئەمین ئەل حەق دەردەکەوێت کە شان بە شانی ئوسامە بن لادن لە ماوەی شەڕی تۆرا بۆرادا خزمەتی ئەل قاعیدەی کردووە، لە ڤیدیۆکەدا وادەردەکەوێت ئەمین ئەل حەق بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی نانگەرهار.

هەروەها دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەش هەندێک گومانیان هەبووە لەسەر ئەوەی کۆمەڵێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەل قاعیدە کە لە ئێستادا لە ئێرانن، لەوانەش سەیف ئەل عادلی جێگری فەرماندەی ئەل قاعیدە، بگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان.

دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا تاوتوێی نیگەرانیەکانی بەرپرسانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی دەکات سەبارەت بەوەی ئەفغانستان دووبارە دەبێتەوە بە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ تیرۆریستان.

بەرپرسی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی ڕێکخراوی داعش و ئەل قاعیدە و تاڵیبان، ئێدمۆند فیتن براون وتی " بێگومان قسە و قسەڵۆکەکان لەسەر ئەمەیە. بەدڵنیاییەوە لە دەرەوە پەرۆشیەکی بەهێز هەیە بۆ ئەفغانستان."

هەفتەی ڕابردوو دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی ئەمەریکادا گفتوگۆی کرد، بەرپرسەکان نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، کاتێک سەبارەت بە مەترسییەکان پرسیارییان لێکرا، دانیان بەوەدانا کە هۆکارێک هەیە بۆ نیگەران بوون، تەنانەت بەر لەوەی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاگاهییان دەدا لەسەر " جوڵەی هێواشی " ئەو چەکدارە بیانیانەی کە دێنە ئەفغانستانەوە.

کۆهین وتی " تواناکانی ئێستامان لەناو ئەفغانستاندا وەکو شەش مانگ یاخود ساڵێک لەمەوبەر نیە." بەڵام ئاماژەشی بەوەدا ئەوە کۆسپێکی مەحاڵ نیە بۆ زاڵبوون بەسەریدا.

وتی " ئێمە لەگەڵ دەزگاکە و هاوپەیمانەکانماندا ئەزموونی کۆکردنەوەی زانیارییمان هەیە لەو ناوچانەدا کە مۆڵەتمان نەبووە بچینە ناویانەوە، توانیومانە بەبێ ئەوەی بوونمان هەبووبێت لەو ناوچانەدا کارەکانمان جێبەجێ بکەین."

تاوەکو ئێستا زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ڕێکخراوی داعشی خۆراسان و ڕێکخراوی ئەل قاعیدە خەریکی دووبارە کۆکردنەوەی تواناکانیانن.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ سکۆت بێرییەر وتی " لە ئێستادا باوەڕ وایە لە ماوەی یەک بۆ دوو ساڵدا ئەل قاعیدە بتوانێت لانی کەم مەترسی بۆ سەر ئەمەریکا دروست بکات."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG