Accessibility links

تاڵیبان بەڵێن دەدات " لە چوارچێوەی شەریعەت"دا ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرێت


تاڵیبان بەڵێن دەدات " لە چوارچێوەی شەریعەت"دا ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرێت و حکومەتێکی " ئیسلامی گشتگیر" پێکبهێنێت، لە کاتێکدا ئەو بزوتنەوە ڕادیکاڵە هەوڵی خۆ بەهێزکردنی دەدات لەو وڵاتە بەشەڕ وێران بووە.

تاڵیبان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند وتووێژەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی " ئیسلامی گشتگیر" لە ئەفغانستان خەریکە دەگاتە کۆتاییەکەی. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو بزوتنەوە ڕادیکاڵە خۆی بەهێزدەکات لەو وڵاتە بەشەڕ وێران بووە.

تاڵیبان لەماوەی ڕۆژانەی شەممە و یەکشەممەدا جیهانی سەرسام کرد کاتێک لە دەسەڵاتی لە کۆبوڵی پاتەختی وڵاتەکە گرتەوە دەست و نزیکەی هەموو 34 پارێزگاکەی ئەفغانستانی لە ماوەی هەفتەیەکدا داگیرکرد .

پێشڕەوییەکانانیان بە شێوەیەکی سەرەکی دەرئەنجامی خۆبەدەستەوەدان یان پاشەکشەی چاوەڕوان نەکراوی هێزەکانی سەربازی ئەفغانستان بوو بەرامبەر تاڵیبان.

سوهەێل شاهین، وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، کە سەرکردەکانی تاڵیبان سەرقاڵی مشتومڕی ئاڵۆزن لەگەڵ گروپە ڕکابەرەکانی تر و نێردەی تایبەتی ئاشتی ئەمەریکا، زاڵمای خەلیلزاد لە دۆحەی قەتەر کە شوێنی ئۆفیسی فەرمی سیاسی تاڵیبانە.

وتەبێژی تالیبان سوهێل شاهین
وتەبێژی تالیبان سوهێل شاهین

شاهین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە قەتەرەەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بێگومان، گواستنەوەی دەسەڵات ئەنجام دەدرێت." ئەو گوتیشی " گفتوگۆکان ئەنجام دەدرێن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیری ئیسلامی ئەفغانستان. بەم زووانە ڕادەگەیەندرێت."

ئەمەریکا و کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی بەڵێنیان داوە کە هیچ حکومەتێک لە کابوڵ بە فەرمی نەناسن کە بە زەبری هێز سەپێندرابێت، ترس هەیە کە حکومەتێک بە سەرۆکایەتی تاڵیبان دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان و هەڕەشەکردن لە مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا. مافی مافی ژنان یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکان، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ڕۆژی دووشەممە داوای لە تاڵیبان کرد ئەو مافانە بپارێزن " کە زۆر بە زەحمەتی ژنا و کچانی ئەفغانی بەدەستیان هێناون."

شیکەرەوەکان دەڵێن دانپیانانی نێودەوڵەتی بۆ هەر حکومەتێکی داهاتوو زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی بەردەوام بن لە وەرگرتنی هاوکارییە زۆر پێویستەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان.

شاهین گوتیشی تاڵیبان سوورە لەسەر ڕێکخستنی سیستمێکی حوکمڕانی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان و دووپاتیشیکردەوە کە لایەنەکەی بڕوای بە قۆرخکردنی دەسەڵات نییە. ئەو گوتی " ئێمە باوەڕمان وایە کە قۆرخکردنی دەسەڵات لە ڕابردوودا کاری نەکردووە بۆیە دەمانەوێت چەند جەنگاوەری و سیاسەتمەداری ئەفغانیمان لە حکومەتی داهاتوو لەگەڵدابێت بۆ ئەوەی ئاشتییەکی بەردەوام لەوڵاتدا هەبێت و ببێتە قۆناغێکی نوێی ئاشتی و پێکەوەبوون و خۆڕاگری و ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان."

شاهین ڕەتیکردەوە کە بەڕوونی و ئاشکرا ڕایبگەیەنێت کە ئایا ژنانی ئەفغانی دەبنە بەشێک لەحکومەتی داهاتوو. ئەو گوتی ” لەبارەی ژنانەوە ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندووە کە دەتوانن بە ڕەچاوکردنی حیجاب دەستیان ڕابگات بە کارکردن و پەروەردە. ئەمڕۆ ڕەنگە لە تەلەفیزیۆنی ئەفغانیی بینیبێتتان کە ژنان حیجابیان کردووەو بەردەوام بوون لەسەر کاری خۆیان."

بێژەرە ژناکان لە کەناڵە تەلەفیزیۆنە سەرەکییە ئەفغانییەکان لە کارەکانی خۆیان بەردەوام بوون بەڵام هەموویان بە حیجابەوە بەشداربوون. شاهین گوتیشی تاڵیبان ڕۆژی سێشەممە لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموان ڕاگەیاندووە لە ناویاندا کاربەدەستانی حکومەتیش و داوایان لێدەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

دانیشتوانی کابوڵ دەڵێن ژیان لەو شارەی کە زیاتر لە شەش ملیۆن کەسی تیادا دەژین بەرەو دۆخی ئاسایی دەڕوات لە کاتێکدا لە ماڵەکانیان دەرچووبوون. ڕۆژنامەنوسێکی ژنی تایبەت بەکەناڵی تۆلۆ نیوز لەسەر شەقامەکان بوو و ڕاپۆرتی لەسەر دواین زانیارییەکان دەکرد بەڵام دانی بەوەشدا ناوە کە ژنێکی زۆر کەم لە دەرەوە دەبیندرێن. ئەو گوتی ژنان ترسیان لە داهاتووی ناڕوونیان هەیە. بێژەرێکی ژنیش بینرا کە وتووێژی لەگەڵ کاربەدەستێکی تاڵیباندا دەکرد.

هەرچەندە هەندێک ڕاپۆرتیش هەبوون لەسەر هەراسانکردنی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە. شاهین ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوەو بە بێبنەما ناودێری کردن.

لە کابوڵ کۆمسیۆنێک بە ناوی سكاڵای تاڵیبان دانراوە و کاربەدەستان لەوێ داوا لە دانیشتوان دەکەن پەیوەندی بکەن بەو لیژنەیەوە لەسەر هەر سكاڵایەکی هەراسان کردن یان توندوتیژی بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت. کاربەدەستانی تاڵیبانیش سەردانی ئۆفیسەکانی حکومەت و نەخۆخشانەکانیان کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابن ستافەکان لەوێن و ژنان نیگەران نەبن و بەردەوام بن لە کارەکانیان.

لە ماوەی یەم خولی دەسەڵاتیدا لە ساڵی 1996 وە هەتا ئەو کاتەی لە ساڵی 2001 لەلایەن ئەمەریکاوە بەهۆی هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەر ڕووخێنرا، تاڵیبان بە تاڵیبان بە چەسپاندنی توندی قورئان و شەریعەت حوکمی ئەفغانستانی کرد. ژنان بە شێوەیەکی گشتی ڕێگەی کارکردن و خوێندنیان پێنەدەدرا و ناچار دەکران بە زۆر بورقا بپۆشن.

لە ئێستاشدا دوو ڕۆژ پاش گەڕانەوەی بۆ پایتەخت، تاڵیبان بە کاروانی بچووک نۆبەداری لە ناو شارەکەدا دەکات، دووکاندارێک بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی گوتووە " ئەوان خەڵکیان هەراسان نەکردووە، بەڵام بێگومان خەڵکی لێیان دەترسن."

XS
SM
MD
LG