Accessibility links

وڵاتان بەردەوامن لە گواستنەوەی دیپلۆماتان و هاووڵاتیانیان لە ئەفغانستان


گەشتەکانی بۆ دەرچوون لە ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ دەستیپێکردەوە پاش ڕۆژێکی پڕ لە بێسەوبەری کە تیایدا هەزاران کەس لەو شوێنە کۆبوونەوە لە کاتێکدا دیپلۆماتەکان و خەڵکی مەدەنی هەوڵیان دەدا ئەفغانستان بەجێبهێڵن .

ستێفانۆ پۆنتێکۆرڤۆ، نوێنەری باڵای کاروباری سیڤیلی ناتۆ لە ئەفغانستان، لە تویتەر وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە چەند فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا نیشان دەداتو دەڵێت بینیویەتی فڕۆکەکان " نیشتونەتەوە و فڕیون."

فلۆرانس پارلی وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا گوتی یەکەم فڕۆکەی سەربازی فەرەنسی کە هاووڵاتیانی فەرەنسی لە ئەفغانستان هەڵگرتووە شەوی ڕابردوو لە ئیمارات نیشتەوە و دەشڵێت فەرەنسا کار دەکات بۆ ڕێکخستنی خولی داهاتووی گەشتەکانی.

هیندستانیش باڵیۆزخانەکەی خۆی لە کابوڵ چۆڵکردووە و ڕۆژی سێشەممە نزیکەی 140 دیپلۆماتکار، کارمەند و ئاسایشی تایبەتی باڵیۆزخانەکەی بە فڕۆکەیەکی تایبەتی لەشکری لە وڵاتەکە دەرکرد.

لەشکری ئەمەریکاش پشتڕاستی کردەوە بەلایەنی کەم دوو کەس لە فڕۆکەخانە گیانیان لەدەستداوە. جۆن کیربی گوتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند دوو چەکدار لە دوو ڕووداوی جیادا تەقەیان بە نێو قەرەباڵغییەکان کرد و هەردووکیان لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە کوژران.

بەرپرسێکی ئەمەریکی کە بە مەرجی ناونەهێنانی بۆ دەنگی ئەمەریکا قسەی کرد، گوتی لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە دەکرێت کە دەڵێن چەند کەسێکی سیڤیل لە کاتی هەستانی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕۆژی دووشەممە لە وتارێکیدا ڕایگەیاند جێی داخە ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوو دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بڕیاری کشانەوەکەی پەشیمان نیـیە، گوتیشی ڕێبەرانی سیاسی ئەفغانستان دەستبەرداری وڵاتەکەیان بوون و هەڵهاتن وە بەوەش لەشکری ئەفغانی هەرەسی هێنا. سەرۆک بایدن جارێکی دیکە جەختیکردەوە کە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە بڕیارێکی ڕاست بووە و گوتی " ناکرێت سەربازی ئەمەریکایی بەرگری لە ئەفغانستان بکات و خۆی بە کوشت بدات، بەڵام لەشکری ئەفغانی ئامادە نەبێت بەرگری لە خۆشی بکات."

XS
SM
MD
LG