Accessibility links

سیناتۆر کاتن: ڕژێمی ئێران سوورە لەسەر ئەوەی مووشەکێک دروست بکات توانای هەبێت بگاتە ئەمەریکا

دوابەدوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی مووشەکی دوورهاوێژی گرتە دورگەی دیێگۆ گارسیا، سیناتۆرێکی کۆماریخوازی ئەمەریکایی هۆشداری دا سەبارەت بە خواستی ڕژێمی ئێران بۆ دروستکردنی مووشەک کە بتوانێت بگاتە ئەمەریکا.

ڕۆژی شەممە، سیناتۆر تام کاتن، نوێنەری ویلایەتی ئەرکانسا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "مووشەکی بالیستیکی دوور مەودای ئێران ئێستا دەتوانێت هەڕەشە لە دیێگۆ گارسیا و هێز و ئامێرەکانمان بکات کە لەوێ جێگیرکراون."

سیناتۆر کاتن هۆشداریشی دا کە ڕژێمی ئێران " سوورە لەسەر دروستکردنی مووشەکێک کە توانای بە ئامانجگرتنی ئەمەریکای هەبێت".

گوتیشی هەر کەسێک کە بڕوای بە "فتوای" ئایەتوڵا لە دژی مووشەکی دوورهاوێژ کردبێت " نابێت هەرگیز ڕێبازی ئەمەریکا دروست بکاتەوە."

لەگەڵ پەیامەکەیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێدوانەکانی ڕۆژی 18ی مانگی سێی دووبارە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە هەڕەشەی مووشەکی بالیستیکی کیشوەربڕی ئێران ڕاستە و ئەمەریکا ناتوانێت ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی بدات کە "بەرگی بەرنامەی بۆشایی ئاسمان" بۆ پەرەپێدانی چەکێک کە بتوانێت خاکی ئەمەریکا بکاتە ئامانج، بەکاربهێنێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە کۆماری ئیسلامی مووشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەندی خۆی ئاراستەی دیێگۆ گارسیا کرد کە بنکەیەکی سەربازی هاوبەشی ئەمەریکا و بەریتانیای لێیە.

ڕۆژی هەینی ، میدیاکانی ئەمەریکا بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان ڕایانگەیاند، کۆماری ئیسلامی دوو مووشەکی ئاراستەی ئەو بنکەیە کردووە کە دەکەوێتە زەریای هیندی و بە دووری سێ هەزار و 810 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانییەوە، بەڵام هیچ کامیان بەر بنکەکە نەکەوتوون.

ئەم کردەوەیە یەکەم بەکارهێنانی ئۆپەراسیۆنی مووشەکی بالیستیکی مامناوەند بوو لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە و هەوڵێکی بەرچاو بوو بۆ گەیشتن بە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.

دیێگۆ گارسیا بنکەیەکی سەرەکییە بۆ کەشتییە بۆمبهاوێژە قورسەکانی ئەمەریکا، کە لە مێژە وەک بنکەیەکی سەربازی گەورەی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دوور لە وڵات کاری کردووە.

XS
SM
MD
LG