Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشدارییەکی نوێ بۆ هاووڵاتیانی لە عێراق بڵاو دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگادارییەکی گرنگی بۆ هاووڵاتیانی خۆی لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و داوایان لێدەکات بە زووترین کات وڵاتەکە بەجێبهێڵن بەهۆی مەترسی زیادبوونی هێرشەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە.

بەپێی ئاگادارییەکە گرووپەکان هێرشی بەرچاو و فراوانیان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەمەریکا و ئامانجە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت " میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە بازرگانییەکان و ئەو هۆتێلانەی کە خەڵکی بیانی زۆر سەردانی دەکەن. ڕەنگە ئەو چەکدارە تیرۆرستانە هەوڵی ڕفاندنی ئەمەریکاییەکان بدەن. مەترسی توندی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لە ئاسمانی عێراق بەردەوامە."

ئەرکی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە عێراق هێشتا کراوەیە، بەڵام لە دۆخی "کەمکردنەوەی فەرمانبەران"دایە بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی. لە هەمان کاتدا، داوا کراوە کەس نەچێت بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا یان کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر، چونکە "مەترسی درۆن، مووشەک و هێرشە ئاسمانیەکان هێشتا بەردەوامە".

وەزارەتی دەرەوە دووبارە پشتڕاستی کردەوە کە عێراق لە ئاستی چواری هۆشداری گەشتکردندایە. ئەم ئاستە لە هۆشداری گەشتکردن بە واتای ئەوە دێت کە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی نابێت بە هیچ هۆکارێک بۆ عێراق بڕۆن و ئەگەر لەوێن، دەستبەجێ جێی بێڵن.

بەپێی راپۆرتەکان، ئەم میلیشیایانە هەڕەشەیەکی گەورەیان بۆ ئاسایشی گشتی دروست کردووە، و پێشبینی دەکرێت هێرشەکان شوێنە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکان، ژێرخانەکانی وزە و هەر شوێنێک کە پەیوەندی بە ئەمەریکاوە هەبێت بگرنەوە. هەروەها فڕۆکەخانە بازرگانییەکان و هوتێلەکانیش کە بیانییەکان تێیدا نیشتەجێن، ئەگەری کرانە ئامانجیان زۆرە.

هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم گرووپانە ڕەنگە هەوڵی ڕفاندنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بدەن. لە هەمان کاتدا، مەترسی مووشەک، درۆن و هێرشە ئاسمانییەکان هێشتا زۆر بەرزە.

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دووپاتیان کردەوە "هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەبێت دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن." هەروەها ئاگاداریان کرد کە ئەوانەی بڕیار دەدەن بمێننەوە، لە مەترسییەکی زۆر گەورەدان.

حکومەتی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە کە بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات و زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیان بۆ بڕیاردان لەسەر ئاسایشی خۆیان.

باڵیۆزخانەکە دەشڵێت ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکییانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە، دەتوانن بەم ئیمەیڵ و ژمارە تەلەفۆنانەی خوارەوە پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاوە بکەن:

• ژمارەی فریاگوزاری ناوخۆیی بۆ عێراق: 911

• باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەغدا: BaghdadACS@state.gov

• کونسوڵخانەی گشتی هەولێر: ErbilACS@state.gov

• هێڵی یارمەتی وەزارەتی دەرەوە: 4444-501-202-1+

XS
SM
MD
LG