فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە ڕۆژئاوای عێراق، چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی گیانیان لەدەستداوە.
سێنتکۆم لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینیدا دەڵێت، "نزیکەی کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی 12ی مانگی سێ، پشتڕاستکرایەوە کە فڕۆکەیەکی سوتەمەنی ئەمەریکایی جۆری KC-135 کەوتە خوارەوە."
هەروەها سێنتکۆم ڕایشیگەیاند "لەدەستدانی فڕۆکەکە بەهۆی هێرشی دوژمن یان هێرشی هەڵەوە نەبووە" و جەختی لەوە کردەوە کە ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
سوپای ئەمەریکا وەکو ڕێزگرتن بۆ کەسوکاری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە تا 24 کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکانیان ناسنامەکانیان بڵاو ناکاتەوە.
فڕۆکەی ئەمەریکایی جۆری KC-135 بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی بەکاردەهێنرێت.