Accessibility links

وڵاتانی کەنداو هێرشە نابەرپرسیارەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە شەرمەزار دەکەن

ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانیان چەندین هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر ناوچەکە هاوکاتی هێرشەکانی ئەمەریکا وئیسرائیل بۆسەر ڕژێمی ئێران.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەحرەین، ئوردن، کوەیت، قەتەر، عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات دەڵێن "هێرشە ناپەرپرسیارەکانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە دژی سەروەری وڵاتان لە ناوچەکە سەرکۆنە دەکەن. "

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند، لەوەتای هێرشەکان دەستیان پێکردووە هێزەکان توانیویانە ڕێگری لە 161 مووشەکی ئێرانی و645 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەن، و 3 کەسیش کوژراون.

وەزارەتی بەرگری قەتەر دەڵێت هێزەکانی دوو فڕۆکەی SU-24یان خستووەتە خوارەوە لەگەڵ حەوت مووشەک و پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

پێشتریش وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاندبوو، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران وێستگەیەکی کارەبا و دامەزراوەیەکی وزەیان بۆردومان کردووە. لە هەمانکاتیشدا وەزارەتی وزە ڕایگەیاند بەهۆی شەڕەکەوە بەرهەمهێنانی گازی شلی سروشتی ڕادەگرێت.

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ڕایگەیاندووە بە هۆی هێرشەکانی ئێرانەوە لایەنی کەم 16 کەس بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین دەڵێت هێرشەکانی ئێران بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک.

دەزگای ڕاگەیاندنی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە ئێران لە ڕێگەی 70 موشەک و 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی ئەنجام داوە.

وەزارەتی تەندروستی کوەیتش ڕایگەیاندووە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە .

وەزارەتی بەرگری عەرەبستانی سعودیە دەڵێت 5 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان خستووەتە خوارەوە. هەوەها هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیای ئارامکۆ پاڵاوگەی نەوتی ڕەئس تەندورە دابخات.

عومانیش رایدەگەیەنێت بەلەمێکی بۆمبڕێژکراوی بە ڕیمۆت کۆنترۆڵکراو لە کەنداوی عومان تەنکەرێکی نەوتی کە ئاڵای دورگەکانی ماڕشاڵی پێوەبووە کردووە بە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بووەتە قوربانی.

لە عێراق گروپێکی سەربە ئێران دەڵێت هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کە ئامانج لێی هێزەکانی ئەمەریکا بووە .

ئێران بە بەردەوامی هێرشی تۆڵەسەندنەوە دەکات بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بنکەی سەربازی ئەمەریکایان لێیە.

ڕۆژی شەممە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی ئێران دەستیپێکرد. لە یەکەم ڕۆژی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی کوژرا.

ڕۆژی دووشەممە وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسەت ڕایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە کوەیت چوار سەربازی ئەمەریکا کوژران. سەرۆک ترامپیش لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی تۆڵەی ئەو سەربازانە لە ئێران دەکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG