Accessibility links

3 فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا بە هەڵە لەسەر ئاسمانی کوەیت دەخرێنە خوارەوە

لەشکری ئەمەریکا ڕایگەیاند 3 فڕۆکەی جۆری F-15E Strike Eagles کە لە ئاسمانی وڵاتی کوەیتدا بوون بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی Epic Fury، بە هەڵە بە موشەکی بەرگرییە ئاسمانییەکانی کوەیت خراونەتە خوارێ.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، دوێنێ یەکشەممە لە کاتژمێر 11:03 شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا ، لە میانەی شەڕێکی ئاسمانی کە ژمارەیەک فڕۆکە و موشەکی بالیستی و درۆنی ئێرانی تێدابوو ، بەرگرییە ئاسمانییەکانی کوەیت بە هەڵە ئەو 3 فڕۆکەیەی ئەمەریکایان خستە خوارێ.

باسی لەوەش کرد هەر شەش فڕۆکەوانەکە بە پەڕەشووت بە سەلامەتی هاتوونەتە خوارێ.

سێنتکۆم دەشڵێت،" کوەیت لای خۆیەوە دانی بە ڕووداوەکە ناوە، وە ئێمە سوپاسگوزاری هەوڵەکانی هێزە چەکدارەکانی کوەیتین و هەروەها سوپاسیشیان دەکەین بۆ ئەو پشتگیرییەی لەم ئۆپەراسیۆنەی دەکەن."

لەشکری ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت و هەر زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە هەبێت بڵاودەکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کوەیت ڕایگەیاند، بەیانی ڕۆژی دووشەممە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا کوتنە خوارێ و تەواوی فڕۆکەوانەکان بە سەلامەتی ڕزگاریان بووە. وتیشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوەیت دەستبەجێ فڕۆکەوانەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی تەندروستییان.

لە بەشێکی ڕاگەیاندنەکەی کوەیت باس لەوەش کراوە ڕاستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا کراوە سەبارەت بە ڕووداوەکە و ڕێوەشوێنی تەکنیکی هاوبەش گیراوەتەبەر.


XS
SM
MD
LG