جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکایی ڕاگەیاندووە "هیچ ئەگەرێک" نییە ئەمەریکا بچێتە ناو شەڕێکی چەندین ساڵە لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا، لە کاتێکدا واشنتن فشارەکان لەسەر تاران زیاد دەکات بۆ ئەوەی وازهەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و چالاکییە زیانبەخشەکانی دیکەی بهێنێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لە زاری ڤانسەوە بڵاوی کردەوە، ڤانس و سەرۆک دۆناڵد ترامپ "بژاردەی دیپلۆماسییان پێ باشترە" بۆ چارەسەرکردنی داواکارییەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕژێمەکە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە دەکەوێتە سەر ئێرانییەکان چی دەکەن و چی دەڵێن.
دانوستانکارانی ئەمەریکایی ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر ڕۆژی پێنجشەممە لە خولی سێهەمی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکاندا لەگەڵ ئێران لە ژنێڤ بە نێوەندگیری بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان بەشدارییان کرد.
هەروەها ئەلبوسەعیدی نێوەندگیری دوو خولی یەکەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێرانی کرد لە سەرەتای ئەم مانگەدا کە لە مەسقەت و ژنێڤ بەڕێوەچوون و پەیامەکانی نێوان هەردوولای گواستەوە.
ترامپ چەندین جار هەڕەشەی کردەوەی سەربازیی کردووە ئەگەر تاران پابەند نەبێت بە داواکارییەکانی ئەمەریکا بۆ گۆڕانکاری گەورە لە ڕەفتاری ڕژێمەکەیدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی ڕابردوودا ژمارەی هێزی دەریایی و ئاسمانی ئەمەریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد کران.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە، ڤانس ڕەتیدەکاتەوە ئەمەریکا بچێتە ناو ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران. لە زاری ئەوەوە نووسیویەتی، "ئەو بیرۆکەیەی کە ئێمە ساڵانێکە لە شەڕێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبین و هیچ کۆتایییەکی لە پێش چاودا نییە – مەحاڵە ڕووبدات."
بەڵام سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی هەینی بەر لەوەی بەڕێ بکەوێت بۆ ویلایەتی تەکساس لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێک لەوبارەیەوە گوتی "هەمیشە مەترسییەک هەیە، کاتێک شەڕێک لە ئارادابێت مەترسی هەمووشتێک دەکرێت، بۆ باش و خراپیش."
دووپاتیشی کردەوە " شتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر دانوستاندن بکەن، بە ڕاستی و نیازێکی باشەوە بەڵام ئەوە ناکەن."
ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمەریکا کە لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا بە پشتیوانی ئەمەریکا شەڕێکی بەرگریی 12 ڕۆژەی لە دژی ڕژێمی ئێران ئەنجامدا، خۆی بۆ ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێکان ئامادەدەکات .
هەر ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕێگەی دا بە کارمەندەکانی کە لە ئیسرائیل لەگەڵ خێزانەکانیان ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن بەهۆی مەترسی ئاسایشی.
هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکا بە ئیمەیلێک داوای لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و لقە پەیوەندیدارەکانی کردووە ئەگەر پلانیان هەیە ئیسرائیل بەجێبهێڵن، دەبێت "ئەمڕۆ" ئەو کارە بکەن، ئەمە بە گوێرەی ماڵپەڕی نیویۆرک تایمس.
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، فڕۆکەی دابینکردنی سووتەمەنی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەل ئەڤیڤ.
هەروەها کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکایی USS Gerald R. Ford لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوت، پاش ئەوەی لە چوارچێوەی چڕبوونەوی سەربازی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە جێگیرکرابوو.