سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند زۆر 'دڵخۆش نییە' بە پێشکەوتنەکانی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام گوتیشی چاوەڕوان دەکرێت وتووێژی زیاتر لە ڕۆژی هەینی ئەنجام بدرێت.
سەرۆک ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی پێش ئەوەی بەرەو ویلایەتی تەکساس بەڕێبکەوێت، ڕایگەیاند، دەیەوێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام دووپاتیکردەوە کە تاران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
کاتێک کە پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئایا مەترسی ئەوە دەکرێت هێرش بۆ سەر ئێران ببێتە ململانێیەکی درێژخایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟ سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا گوتی " هەمیشە مەترسییەک هەیە، کاتێک شەڕێک لە ئارادابێت مەترسی هەمووشتێک دەکرێت، بۆ باش و خراپیش."
دووپاتیشی کردەوە " شتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر دانوستاندن بکەن، بە ڕاستی و نیازێکی باشەوە بەڵام ئەوە ناکەن."
ڕۆژی پێنجشەممە ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جێرد کوشنەر، ڕاوێژکاری دۆناڵد ترامپ، لە ڕێگەی ئەلبوسەعیدییەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە ژنێڤ دیداریان کرد. هەرچەندە هەتا نیوەڕۆ گفتوگۆکان "نائومێدکەر" بوون، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، دواجار هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی پسپۆڕان تا هەفتەی داهاتوو.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕافایل گرۆسیش، بەشداری گفتوگۆکانی کرد.
تەوەری سەرەکی هەوڵەکانی ئەمەریکا ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی بووە و هەروەها بەرنامەی مووشەکی دوور مەودای کۆماری ئیسلامی بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە.