ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕێگەی دا بە کارمەندەکانی کە لە ئیسرائیل لەگەڵ خێزانەکانیان ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن بەهۆی مەترسی ئاسایشی.
هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکا بە ئیمەیلێک داوای لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و لقە پەیوەندیدارەکانی کردووە ئەگەر پلانیان هەیە ئیسرائیل بەجێبهێڵن، دەبێت "ئەمڕۆ" ئەو کارە بکەن، ئەمە بە گوێرەی ماڵپەڕی نیویۆرک تایمس.
ئاگادارکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کە پێویست ناکات لەوێبن.
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، "لە وەڵامی ڕووداوە ئاسایشییەکان و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەتوانێت قەدەغەی زیاتری گەشتکردن بۆ کارمەندەکانی و خێزانەکانیان جێبەجێ بکات یاخود گەشتکردن سنووردار بکات بۆ هەندێک ناوچەی ئیسرائیل و شاری کۆنی ئۆرشەلیم و کەناری ڕۆژئاوا.
وەزارەتەکە پێشنیار دەکات، "کارمەندەکان بیر لە جێهێشتنی ئیسرائیل بکەنەوە لەکاتێکدا گەشتە بازرگانییەکان بەردەستن."
ئەم ئاگادارکردنەوەیە لە کاتێکدایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری هەڵگرسانی شەر لەنێوان ئەمەریکا و ئێران.