Accessibility links

هێڵی ئاسمانی لوفتانزا گەشتەکانی بۆ ئێران ڕادەگرێت، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامادەباشیدایە بۆ هێرشی ئێران


هێڵی ئاسمانی لوفتانزای ئەڵمانی، ڕۆژی پێنجشەممە ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ تاران درێژکردەوە بەهۆی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، کە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەکەی لە سوریا دەکات کە گومان دەکرێت لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت.

ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی ڕاپۆرتێکی عەرەبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) بڵاو کردبووەوە کە تیایدا ڕایگەیاندبوو هەموو ئاسمانی سەر تاران بۆ مەشقی سەربازی داخراوە، بەڵام دواتر ڕاپۆرتەکەی لابرد و ڕەتیکردەوە ئەو جۆرە هەواڵەی بڵاوکردبێتەوە.

ناوچەکە و ئەمەریکاش لە 1ی چوارەوە، کە هێرشە گومانبارەکەی ئیسرائیل کرایە سەر کۆمەڵە باڵەخانەکانی باڵیۆزخانەی ئێران لە سوریا، لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێرانەوە.

لوفتانزا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ تاران و لە تارانەوە بۆ دەرەوە ڕاگرتووە کە ڕەنگە هەتا 13ی چوار بەردەوام بێت، بەمەش ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی دوو ڕۆژ درێژکردەوە.

وتەبێژێکی ئەو هێڵە ئاسمانییە ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بڕیاری داوە گەشتێک لە فرانکفۆرتەوە بۆ تاران ئەنجام نەدات، بۆ ئەوەی تیمەکە ناچار نەبن لە تاران دابەزن و شەوێک بەسەربەرن.

هێڵی ئاسمانی لوفتانزا و نەمسایی هاوبەشی تەنها دوو هێڵی ئاسمانی ڕۆژئاوایین کە دەچنە ناو تاران، کە زۆربەی هێڵە ئاسمانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا گەشتەکانیان بۆئەوێ ئەنجام دەدەن.

هێڵی ئاسمانی نەمسا کە لەلایەن لوفتانزاوە خاوەندارێتی دەرێت و هەفتەی شەش جار لە ڤییەناوە بەرەو تاران گەشت دەکات، ڕایگەیاندووە، هێشتا پلانیان هەیە گەشتەکانی ڕۆژی پێنجەممە بکەن بەڵام کاتەکانی ڕێکدەخەن بۆ ئەوەی شەو لەوێ نەمێننەوە.

هیچ زانیارییەکی دەستبەجێ لەلایەن هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە نەبووە کە بەرەو تاران دەفڕن. ئاسمانی ئێران هەروەها ڕێگەیەکی سەرەکییە بۆ گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی ئیمارات و قەتەر بۆ باکوری ئەمەریکا.

ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا جارێکی تریش هەڕەشەکانی وڵاتەکەی دووبارە کردەوە بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئیسرائیل و گوتی "سزا دەدرێت" بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییەی لە دیمەشق پایتەختی سوریا کردوویەتی و بووە مایەی کوژرانی 7 کەس لە هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە دووانیان پلەی ژەنەراڵیان هەبووە.

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕۆژی چوارشەممە کاتێک پێشنوێژیی نوێژخوێنانی جەژنی ڕەمەزانی دەکرد، لە وتارەکەیدا جارێکی تریش جەختی کردەوە لەوەی وەک دەڵێت "ڕژێمی بەدکار هەڵەی کرد و دەبێت سزا بدرێت و سزاش دەدرێت."

گوتیشی "کاتێک ئەوان هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەکەمان، ئەوا یانی هێرش کراوەتە سەر خاکی ئێمە و ئەمەش یاسای جیهانە."

ئیسرائیل کە شەش مانگ لەمەوبەر پاش هێرشێکی بێپێشینەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل شەڕی لە کەرتی غەززە لە دژی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت دەستیپێکرد، تا ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە لە پشت هێرشەکەی دیمەشقەوە بووە، بەڵام پەنتاگۆن ڕایگەیاندووە کە دەستی تێدا هەبووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG