Accessibility links

خامنەئی لە یەکەم ڕۆژی جەژندا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە


.
.

ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی تریش هەڕەشەکانی وڵاتەکەی دووبارە دەکاتەوە بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئیسرائیل و دەڵێت "سزا دەدرێت" بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییەی لە دیمەشق پایتەختی سوریا کردوویەتی و بوو مایەی کوژرانی 7 کەس لە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە دووانیان پلەی ژەنەراڵیان هەبووە.

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشنوێژیی نوێژخوێنانی جەژنی ڕەمەزانی دەکرد، لە وتارەکەیدا بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە جارێکی تریش جەختی کردەوە لەوەی وەک دەڵێت "ڕژێمی بەدکار هەڵەی کرد و دەبێت سزا بدرێت و سزاش دەدرێت. کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانیش لە هەموو وڵاتێکدا بە خاکی ئەو وڵاتە دادەنرێت کە کردوونیەتییەوە."

ئایەتوڵا خامنەئی دەڵێت "کاتێک ئەوان هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەکەمان، ئەوا یانی هێرش کراوەتە سەر خاکی ئێمە و ئەمەش یاسای جیهانە."

لەو کاتەوەی ئەو هێرشە کرایە سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق، پایتەختی سوریا، گەورە کاربەدەستانی سیاسی و هەروەها سەرکردە لەشکرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن و دەڵێن "تۆڵەکردنەوەمان، لەو کات و شوێنەدا دەبێت کە خۆمان دایدەنێین."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، نە ڕابەری کۆماری ئیسلامی و نە هیچ کاربەدەستێکی ئەو وڵاتە، ئاماژەیان نەکردووە بەوەی ئەو تۆڵە سەندنەوەیەی باس دەکرێت، بە چ ڕێگەیەک دەبێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس, ئەسیۆسێتد پرێس

XS
SM
MD
LG