Accessibility links

ئێران دەڵێت بوونی ئیسڕائیل لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی هەڕەشەیە بۆ تاران


عەلیڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران
عەلیڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی سێشەممە وتی بوونی ئیسڕائیل لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی ( ئیماڕات) هەڕەشەیەکە بۆ تاران و دەبێت " ئەمە ڕوونەدات."

ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە لە هێرشە ئاسمانییە گومانلێکراوەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران کە دوو فەرماندەی باڵاشییان تێدا بوو. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە نێوان ئیسڕائیل و ئێراندا کە پێشتریش بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە هەر گرژ بووە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی (ئیماڕات) کە دەکەوێتە ئەوبەری ئێران و دەریای کەنداوییان لە نێواندایە، لە ساڵی 2020 دا بووە دیارترین وڵاتی عەرەبی کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکاتەوە، ئەوەش بە سەرپەرشتی ئەمەریکا، لە هەمان کاتیشدا ئەبوزەبی پەیوەندی ئاسایی دیبلۆماسی و بازرگانی لەگەڵ تاراندا هەیە.

بەپێی دەزگای نیمچە فەڕمی هەواڵی ستیودنت، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران عەلیڕەزا تەنگسیری دەڵێت " دەزانین زایۆنییەکان ( ئیسڕائیل ) بۆ مەبەستی ئابووری نەهێندراون بۆ ئیماڕات بەڵکو بۆ کاری ئاسایشی و سەربازیی هێندراون. ئەمە هەڕەشەیە بۆ ئێمە و نابێت ڕووبدات."

تەنگسیری وتیشی کەنداو و کەنداوی عومانیش شوێنێک نین ئیسڕائیلییەکان تێیاندا بن.

ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئێران بیری لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی بوونی ئیسڕائیلەوە کارێک لە ناوچەکەدا بکات یاخود نا.

وتی " لێمان نادرێت بەبێ ئەوەی وەڵام بدەینەوە، بەڵام پەلەشمان نیە لە تۆڵەکردنەوەکەماندا." ئەم لێدوانەش چەند ڕۆژێکی کەم دێت دوای ئەوەی ڕاوێژکارێکی باڵای ڕابەری باڵای ئێران وتی باڵیۆزخانەکانی ئیسڕائیل چیتر پارێزراو نین.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوش وتی ئیسڕائیل ئامادەیە بۆ هەر وەڵامێک. گوتی " هەر کەسێک ئازارمان بدات یاخود پلانی هەبێت ئازارمان بدات، ئەوا وەڵاممان دەبێت و ئازارییان دەدەین."


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG