کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە کۆمەڵێک چەکداری سوننە هێرشییان کردووەتە سەر دوو ئوتومبێلی پۆلیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، لە ئەنجامدا پێنج ئەفسەری پۆلیس کوژراون و ئەفسەرێکی دیکە بریندار بووە.
گروپی چەکداری جەیشلعەدل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند، هێرشەکە لە پارێزگای سیستان بالوچستان ڕوویدا، چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوەی گروپەکە هێرشی کردە سەر بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەمان ناوچەدا کە بووە هۆی کوژرانی 11 ئەندامی ئاسایش.
دەزگای هەواڵی نیمچە فەڕمی تەسنیم وتی ئەفسەرانی پۆلیس لە کاتی گواستنەوەی گومانلێکراوێکدا بوون کە لەسەر کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس دەستگیرکراوە.
جەیشلعەدل دەڵێت هەوڵی بە دەستهێنانی مافی زیاتر و هەلومەرجێکی باشتر دەدات بۆ ژیان و گوزەرانی کەمینە بالوچەکان لە ئێرانی زۆرینە شیعەدا. هەروەها لەم ساڵانەی ڕابردوودا بەرپرسیارێتی چەندین هێرشی ڕاگەیاندووە بۆ سەر هێزەکانی ئاسایشی ئێران لە سیستان بالوچستاندا.
ناوچەکە کە سنووری بە پاکستان و ئەفغانستانەوە هەیە، لە مێژە شوێنی شەڕ و پێکدادانی بەردەوامی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ئێران و چەکدارە سوننییەکان و ئەو کەسانەیە کە بازرگانی بە دەرمانەوە دەکەن.
ئێران ڕێڕەوی سەرەکییە بۆ ئەو دەرمانە هۆشبەرانەی کە لە ئەفغانستانەوە بە قاچاخ دەبرێن بۆ ڕۆژئاوا و شوێنەکانی دیکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز