Accessibility links

ئیڤانکا ترامپ لە دادگای نیویۆرک دەڵێت وردەکارییەکانی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکەی باوکی لەبیر نییە


ئیڤانکا ترامپی کچی دانۆڵد ترامپ، ڕۆژی چوارشەممە لە نیویۆرک لە گەواهیدانێکیدا لە بەردەم دادگا لە دۆسێیەکی ساختەکاری سیڤیل کە هەڕەشە لە ئیمپراتۆریەتی بازرگانی باوکی دەکات، گوتی وردەکارییەکانی گرێبەستەکانی خانووبەرەکانی لە بیر نییە کە لە کۆمپانیاکەی باوکیدا کاری لەسەر کردووە.

ئیڤانکاش وەک دانۆڵد جونیەر و ئێرک ترامپی برای کە هەفتەی ڕابردوو گەواهیاندا، هەوڵیدا خۆی لەو هەڵسەنگاندنە گومانیاویە بە دووربگرێت، کە لە پێشترەوە لەلایەن ئەو دادوەرەی چاودێری دادگایی کردنەکە دەکات بە ساختەکاری ناودێرکراوە.

ترامپ لەسەر سەکۆی شایەتحاڵەکاندا دانی بەوەدا نا کە هەندێک لە خەمڵاندنەکانی یاریگاکانی گۆڵف و تاوەرەکانی ئۆفیس و سەروەت و سامانی کۆمپانیاکانی دیکە هەڵە بوون.
.
داوا یاساییەکەی لێتیتیا جەیمس داواکاری گشتی نیویۆرک کە دیموکراتە، ترامپ و بازرگانییە خێزانییەکەی تۆمەتبار دەکات بەوەی دەستکاری بەهای سەروەت و سامانی خانووبەرە دەکەن بۆ فریودانی قەرزدەرەکان و بیمەدەرەکان و ڕازاندنەوەی ناوبانگی ترامپ وەک بازرگانێکی سەرکەوتوو.
بە پێچەوانەی براکانی و باوکی، ئیڤانکا ترامپ تۆمەتبار نییە لەم دۆسیەیەدا.

وەک کارگێڕێیکی باڵا لە ڕێکخراوەکەی ترامپ لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2017، ئیڤانکا وتی کە سەرنجی لەسەر گەشەپێدانی یاریگای گۆڵفی دۆڕاڵ لە فلۆریدا و موڵکی پۆست ئۆفیسی کۆن لە واشنتۆن بووە.

لە دادگاییکردنەکەدا ئیمەیڵێکی ساڵی 2011ی پیشاندرا کە تێیدا دان بەوەدا دەنێت کە مەرجێک لەلایەن دۆیچە بانکی قەرزدەرەوە هەیە کە ئەگەر باوکی سامانی تەواوەتی لانیکەم 3 ملیار دۆلار بپارێزێت دەبێتە کێشە، بەڵام هانی بەرپرسانی کۆمپانیاکە دەدات بە هەر شێوەیەک بێت پەسەندی بکەن.
ئەو بۆ پارێزەرێکی ڕێکخراوی ترامپ نووسیویەتی "ئێمە ویستمان نرخێکی زۆر باشمان دەستبکەوێت، تاکە ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی داهات و کات و شتە بنەڕەتییەکان کە ئێمە دەمانەوێت گەرەنتیکردنی گرێبەستەکەیە".

ئیڤانکا لە دەمی گەواهیدانەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ گرێبەستەکەدایە بەڵام مەرجی تایبەتی بیر نەماوە و دەشڵێت "بەگشتی هەستم کردووە مەرجەکانی گرێبەستەکە لەگەڵ دۆیچە بانک بۆ دۆڕاڵ ئەرێنی بوون".

ترامپ کە پێشەنگی کاندیدەکانی کۆمارییەکانە بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی حزبەکە بۆ سەرۆکایەتی ساڵی 2024، سەرەڕای گێژەنی کێشە یاساییەکان، ڕەتیکردەوە کە هیچ هەڵەیەکی کردبێت و جەیمس و دادوەر ئارتەر ئینگۆرۆنی بە لایەنگری سیاسی و "دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا" تۆمەتبار کرد. درەنگانی ڕۆژی سێشەممە ئەو ئیدیعایانەی لە سۆشیال میدیا دووبارە کردەوە و وتی "خەمبارییە" کە ئیڤانکا ناچار دەکرێت گەواهی بدات.

ڕۆژی دووشەممە دانۆڵد ترامپ لە دۆسێیەکی ساختەکاری سیڤیلی لە نیویۆرک لە بەردەم دادگا گەواهی ئەوەی دا کە کۆمپانیاکەی خەمڵاندنی دروستی موڵک و ماڵی نەداوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەی بەهای موڵک و ماڵەکەی لە مار-ئە-لاگۆ و یاریگای گۆڵفی دۆراڵ لە فلۆریدا کەم نرخاندووە لە کاتێکدا شوقەکەی لە ترامپ تاوەر لەنێو سەروەت و سامانەکانی دیکەدا بە زیاتر نرخاندووە ، بەڵام هەوڵیداوە گرنگی ئەو خەمڵاندنانە کەم بکاتەوە، کە پارێزەرانی ویلایەتەکە دەڵێن بە مەبەستی ئەوە کراوە کە مەرجی باشتری دارایی بەدەستبهێنێت.

لە گەواهییەکەی هەفتەی ڕابردوودا هەردوو کوڕەکەی ترامپ ڕایانگەیاندووە کە ئاشنا نین بە وردەکارییەکانی بەڵگەنامەکانی دانانی بەها لەسەر موڵك و ماڵەکان. ترامپ ئەو بۆچوونەشی خستەڕوو و وتی ژمێریاران بەشێکی زۆری کارەکانیان ئەنجامداوە.
ئیڤانکا لە ماوەی خولی سەرۆکایەتی باوکی لە 2017 -2021 لە کۆشکی سپی لەگەڵ باوکیدا کاری دەکرد و لەو ماوەیەدا براکانی بەرپرسی کۆمپانیاکە بوون.
جەیمس وتی ئیڤانکا سەرەڕای ئەوەش بەشدار بووە لە دەستکاریکردنی بەهاکانی موڵک و ماڵەکان.

جەیمس لەسەر هەنگاوەکانی دادگاکە وتی "ئەمڕۆ هەوڵدەدات خۆی لە کۆمپانیاکە دوور بخاتەوە، بەڵام بەداخەوە ڕاستییەکان ئاشکرای دەکەن کە لەڕاستیدا زۆر بەشداربووە".

لە بڕیارێکدا کە ترامپ و کوڕە گەورەکانی و 10 لە کۆمپانیاکانی بە بەرپرسیاری ساختەکارییان زانی، ئینگۆرۆن بە زمانێکی توند باسی لەوە کرد کە چۆن تۆمەتباران ئەو خەملاندنەیان دروست کردووە .

بڕیارەکەی دەتوانێت کۆنترۆڵی ترامپ لە هەندێک لە موڵک و ماڵە ناسراوەکانی بسەنێتەوە، هەرچەندە ئەو فەرمانە لە کاتی تانەداندا ڕاگیراوە.


جەیمس داوای غەرامەکردنی 250 ملیۆن دۆلار دەکات، هەروەها سنووردارکردنێک کە ڕێگری بکات لە ترامپ و کوڕەکانی ئێریک و دانۆڵد جونیەر، لە نیویۆرک بازرگانی بکەن.


جگە لەم دۆسێیە، ترامپ لە چوار دۆسێی تاوانکاری جیاوازدا، تۆمەتبارە کە دووانە لەوانە پەیوەندی بە هەوڵەکانییەوە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرکەوتنی جۆو بایدنی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020دا.


سەرەڕای ئەوەش، ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشەنگە لە پێشبڕکێی کۆمارییەکاندا بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی حزبەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی بایدن لە ساڵی داهاتوو.

XS
SM
MD
LG