ڕۆژی دووشەممە دانۆڵد ترامپ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ دادگایەکی نیویۆرک، بەڵام ئەمجارەیان خۆی گەواهی دەدات لە دۆسییەی ساختەکاریدا کە مەترسی دەخاتە سەر لە ناوبردنی ئیمپڕاتۆریەتی خانووبەرەکەی کە پێش ئەوەی بچێتە سیاسەتەوە دروستی کردووە.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هاوشێوەی دوو کوڕەکەی کە هەفتەی ڕابردوودا گەواهییاندا، ڕەنگە ڕووبەڕووی پرسیار ببێتەوە سەبارەت بە مامەڵە ژمێریارییە گوماناوییەکان کە پێشتر دادوەرێک بە ساختەکاری لە قەڵەمیداوە.
پارێزەرانی ویلایەتی نیویۆرک دەڵێن ئەو شێوازانەی کە بەکارهێندراون وایانکردووە ترامپ مەرجەکانی دارایی لە بەرژەوەندی خۆی دەستبکەوێت، ئەوەش لە ڕێی زیادکردنی بەرچاویی بەهای موڵک و سەرمایەکانییەوە، لەوانەش یاریگاکانی گۆڵف و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە تاوەرەکانی و سامانەکانی دیکەی لە کاتێکدا کە زۆرێک لە قەرزدەرەکان ڕەتییان کردووەتەوە کاری لەگەڵدا بکەن. دەڵێن ترامپ لەو جۆرە چالاکییانەوە 100 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە و 2 ملیار دۆلاری زیاتری وتووە لە سەرمایە ڕاستەقینەکەی. ترامپ ڕەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت.
جیا لەو چوار دۆسییەی تاوانەی کە ترامپ ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ئەم دۆسییە سڤیلە مەترسی زیندانیکردنی لەسەر دروست نەکردووە، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات دووبارە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێتەوە.
سەرۆک ترامپ ئەم بابەتەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا قۆستووەتەوە و دەڵێت هەوڵێکی سیاسیین و بەهۆی بۆچوونە سیاسییەکانییەوە بە ئامانج کراوە.
بەڵام ئەم دۆسییەیە دەکرێت وێنەی ترامپ بخاتە ژێر پرسیارەوە کە ماوەی دەیان ساڵە کاری بۆ دەکات و وەکو ملیاردێرێکی سەرنجڕاکێش دەرکەوتووە کە کاتەکانی لە هاوینەهەوارە گرانبەها و یاریگا نایابەکانی گۆڵفدا بەسەر دەبات کە ناوی ئەوییان لەسەرە.
دادوەری گشتی نیویۆرک لێتیتا جەیمس هەوڵی غەرامەکردنی ترامپ دەدات بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار، هەروەها هەوڵ دەدات کۆتوبەندێک بسەپێنێت کە تێیدا ڕێگری لە ترامپ و کوڕەکانی دەکات چیتر نەتوانن کار لە ویلایەتی نیویۆرک بکەن.
دادوەر ئارثەر ئینگۆرۆن پێشتر بڕوانامەی کاری ئەو کۆمپانیایانەی هەڵوەشاندووەتەوە کە کۆنتڕۆڵی بەشێکی گەورەی کارەکانی ترامپییان کردووە، بەڵام ئەو بڕیارە جارێ ڕاگیراوە تاوەکو پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.
ئەو بەڵگانەی کە تاوەکو ئێستا لە دادگاییکردنەکەدا خراونەتە ڕوو ئاماژە بەوە دەدەن کە بەرپرسانی کۆمپانیاکان، بە کوڕەکانی ترامپیشەوە، ئێریک و دانۆڵد جونیەر، دەستییان هەبووە لە هەوڵەکاندا بۆ یاریکردن بە بەهای موڵکەکان، لەوانەش هاوینەهەواری مارالاگۆ لە فلۆریدا.
مایکڵ کۆهین کە پێشتر پارێزەری ترامپ بووە، لە گەواهیدانەکەیدا وتی ترامپ فەرمانی پێکردووە بەها داراییەکان زیاد بکات بۆ زیادکردنی سامانەکەی.
سەرەڕای ئەوەی کە تاوەکو ئێستا پێویست نەبووە ترامپ لە دادگا ئامادە بێت، بەڵام پێشتر چەند جارێک لە دادگادا دەرکەوتووە و لە دەرەوەی دادگادا لەبەردەم چاوی کامێراکاندا وتوویەتی ئیگۆرۆن و ئەوانەی دیکەش کە لە دۆسییەکەدان پاڵنەری سیاسییان هەیە.
ترامپ بەهۆی دووجار پێشێلکردنی فەرمانی دادگاوە بۆ سنووردارکردنی قسەکردن و ڕێگریکردن لێی لە ڕەخنەگرتن لە ستافی دادگا، بە بڕی 15,000 دۆلار غەرامە کراوە. پارێزەرەکانی ترامپ ڕەخنەیان لەو فەرمانەی دادگا گرت و ئاماژەیان بەوەدا کە ڕەنگە ئەوە وەکو بنچینەیەک بەکاربهێنن لە پێداچوونەوەکەدا، بەڵام ئینگۆرۆن ڕۆژی هەینی فەرمانەکەی درێژکردەوە و پارێزەرەکانیشی گرتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز
دانۆڵد ترامپ لە دۆسیەی ساختەکاریدا لە نیویۆرک گەواهی دەدات
