ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سولیڤان، ڕۆژی یەکشەممە لەکاتی پەرەسەندنی ناڕەزاییەکان سەبارەت بە کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی، ڕایگەیاند ئیسرائیل بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی خەڵکی بێتاوانی لە غەززە لە ئەستۆدایە.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە و تاوسەندنی بۆردومانەکان، ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ژێر فشاردایە بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە پشتگیری تەواوەتی لە ئیسرائیل ناکاتە پشتگیرییەکی سەرتاپاگیر بۆ هەموو ئەو کردەوانەی کە هاوپەیمانەکەی لە ناوچەیەکی هەژارنشینی وەک غەززەدا دەیکات.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، سۆلیڤان وتی واشنتن پرسیاری سەخت لە ئیسرائیل دەکات، لەوانەش لەبارەی پرسەکانی دەوروبەری یارمەتییە مرۆییەکان و جیاکردنەوەی تیرۆریستان و خەڵکی مەدەنی بێتاوان و سەبارەت بە چۆنیەتی بیرکردنەوەی ئیسرائیل لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیەوە.
هاوکات سولیڤان لە کەناڵی سی ئێن ئێنەوە گوتیشی "ئەوەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی ئەوەیە کە هەموو کاتژمێرێک، هەموو ڕۆژێک لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، دەبێت هێزی بەرگریی ئیسرائیل هەموو ئامرازێک بگرێتەبەر کە لەبەردەستیاندایە بۆ جیاوازیکردن لە نێوان تیرۆریستانی حەماس کە ئامانجی سەربازی شەرعین و خەڵکی مەدەنی کە کراونەتە ئامانج."
هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانیان لە غەززە فراوانتر دەکەن لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانیان سەدان ئامانجی دیکەی حەماسیان کردووەتە ئامانج، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەم هەنگاوەی بە قۆناغی دووەمی شەڕێکی سێ هەفتەیی ناوی بردووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی بەرگری ئیسرائیل زیاتر لە 450 ئامانجی سەربازی سەر بە حەماسیان لە کەرتی غەززە پێکاوە، لەنێویاندا ناوەندەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن، بنکەی چاودێری و بنکەی هەڵدانی مووشەکی دژە تانک.
دانیال هاگاری، وتەبێژی سەربازیی غەززە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "وردە وردە چالاکیی زەمینی و مەودای هێزەکانمان لە کەرتی غەززە فراوانتر دەکەین." دەشڵێت "لە ئاسمان و دەریا و وشکانیەوە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی هێزەکانمان و گەیشتن بە ئامانجەکانی شەڕ".
لەلایەکی دیکەشەوە سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیانی هاووڵاتیان ڕێکخراوی UNRWA ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ کەمبوونەوەی پێداویستییەکانی خۆراک و ئاو و دەرمان، هەزاران کەس لە خەڵکی غەززە هەڵیانکوتایە سەر کۆگا و ناوەندەکانی دابەشکردنی ڕێکخراوی پەنابەرانی فەلەستینی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) و دەستیان بەسەر ئارد و پێداویستی و کەرەستەی سەرەتایی مانەوە دا گرتووە.
ئیسرائیل گەمارۆکانی توندتر کردووە و ماوەی سێ هەفتەیە غەززە بۆردومان دەکات، لەو کاتەوەی چەکدارانی حەماس لە 7ی مانگی دە هێرشێکی کتوپڕ و وێرانکەریان ئەنجامدا و لانیکەم هەزار و 400 کەسیان کوشت و زیاتر لە 200 کەسیشیان بە بارمتە گرتووە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی پشتگیریان لەوە کردووە کە دەڵێن مافی ئیسرائیلە بۆ بەرگریکردن لە خۆی هێز بەکاربهێنێت. بەڵام ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان لە زیادبووندایە لەسەر زیانەکانی بۆردومانەکە و پەرەسەندنی داواکارییەکان بۆ ئاگربەستێک لەپێناو مرۆڤایەتیدا بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکارییەکان بگاتە خەڵکی مەدەنی غەززە و کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی.
دەسەڵاتدارانی پزیشکی لە کەرتی غەززە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە، دەڵێن لە هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی ئەو چەکدارانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، هەشت هەزار فەلەستینی کوژراون، لەنێویاندا سێ هەزار و 324 منداڵ هەن.
لەلایەکی دیکەوە لیواکانی ئەلقەسام، باڵی چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام ڕایگەیاندووە کە "لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی زایۆنیستەکان لە دژی خەڵکی سڤیل، تەلئەڤیڤ بۆردومان دەکەن".
نەتانیاهۆ ڕۆژی شەممە هۆشداریی بە ئیسرائیلییەکان دا کە چاوەڕوانی هەڵمەتێکی "درێژ و سەخت" بکەن بەڵام دەستبەرداری هێرشەکانی ئێستایان نەبوون بۆ سەر غەززە. بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن هەندێک لە یاریدەدەرەکانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئامۆژگاری هاوتا ئیسرائیلییەکانیان کردووە کە دەستبەجێ هێرشە سەرتاسەریەکەیان بۆ سەر غەزە ئەنجام نەدەن.
هەرچەند حەماس چوار بارمتەیان ئازاد کردووە بەڵام لەم هەفتەیەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "نزیکەی 50 بارمتە" بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمەش ئیدیعایەکە کە مەحاڵە پشتڕاست بکرێتەوە.
هەروەها نەتانیاهۆ بەڵێنیدا هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ ئازادکردنی ئەو زیاتر لە 200 بارمتانەی کە لەنێویاندا چەندین کەسی بیانی هەن و لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.
نەتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی ئەمە قۆناغی دووەمی شەڕەکەیە کە ئامانجەکانی ڕوونن؛ لەناوبردنی تواناکانی حوکمڕانی و سەربازیی حەماس و هێنانەوەی بارمتەکانە بۆ وڵات.
پاپا فرانسیس ڕۆژی یەکشەممە داوای ئاگربەستی شەڕی غەززەی کرد و داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانیشی کردەوە.
یەکێتیی ئەورووپا بانگەوازی لە هەموو لایەنەکان کرد کە ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بدەن بۆ غەززە بەبێ هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک.
مانگی سووری فەلەستین ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە هۆشدارییان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ نەخۆشخانەی ئەلقودس لە کەرتی غەززە چۆڵ بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو هەڵمەتانەی کە ڕۆژی یەکشەممە ئەنجامدراون تەنها 50 مەتر لە دامەزراوەکە دوورن.
هاوکات تیدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی مانگی سووری فەلەستین " جێگای نیگەرانیەکی زۆر"ە، ئاماژەی بەوەشکرد، مەحاڵە نەخۆشخانەکان کە پڕن لە نەخۆش بە سەلامەتی چۆڵبکرێن.
وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بدات.
کاربەدەستانی فەلەستین ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی 50 هەزار کەس پەنایان بۆ نەخۆشخانەی شیفای غەززە بردووە و ڕایانگەیاندووە کە نیگەرانن لە هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو دامەزراوەیە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی هەینی ئیسرائیل سەرباز و تانکی ڕەوانەی غەززە کردووە و تیشکی خستۆتە سەر بۆردومانکردنی ژێرخانەکانی ئەو شارە لەنێویاندا تۆڕی تونێلی بەرفراوان کە لەلایەن حەماسەوە دروستکراوە.
هاوکات شەوی شەممە لە کەرتی غەززەوە بە ئاراستەی ناوەڕاستی ئیسرائیل موشەکێکی زۆر هەڵدراوە، دەزگای تەنگەتاوی فریاگوزاری ماگن دەیڤید ئادۆم ڕایگەیاندووە، چارەسەری پزیشکیان بۆ سێ کەس کردووە کە هەموویان لە دۆخێکی باشدان، لە سەرانسەری شوێنە جیاوازەکان کەس گیانی لەدەست نەداوە. بەڵام ڕۆژانە دەیان موشەک لە کەرتی غەززەوە هەڵدەدرێن.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی UNRWA خزمەتگوزاری سەرەتایی پێشکەش بە سەدان هەزار کەس لە غەززە دەکات. دەڵێن قوتابخانەکانی سەرانسەری ناوچەکە گۆڕدراون بۆ پەناگەی پڕ لە خەڵک و شوێنی نیشتەجێبوونی فەلەستینییە ئاوارەکان بەهۆی ململانێکانەوە. ئیسرائیل تەنها ڕێگەی بە هاتنە ژوورەوەی یارمەتییەکی بچووک داوە لە میسرەوە بە دەروازەی رەفەحدا بێتە غەزەوە.
جولیێت تۆما، وتەبێژی ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، رۆژی شەممە خەڵک هێرشیان کردووەتە سەر چوار کۆگای خواردەمەنی، لەکاتێکدا کۆگاکان هیچ سووتەمەنییەکیان تێدا نەبووە. لەوەتەی ئیسرائیل دوای دەستپێکردنی شەڕەکە سەرجەم باری سوتەمەنی بڕیوە و دەڵین گوایە حەماس ئەو سوتەمەنیانە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنێت.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، یەکێک لە کۆگاکان 80 تەن خۆراکی تێدابووە. هەروەها ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لانیکەم ئەو 40 بارهەڵگرە پێویستە ڕۆژانە بپەڕنەوە بۆ غەززە بۆ ئەوەی پێداویستییە پەرەسەندووەکانی ئەوێ دابین بکەن.
سەرچاوەکان: ڕۆیتەرز، ئەسۆشەیتد پرێس و فرانس پرێس