Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت جەنگەکەی دەتوانێت حەماسیش لە ناوببات و بارمتەکانیش ئازاد بکات


سوپای ئیسڕائیل هەوڵ دەدات دڵنیایی بداتە خەڵکەکەی لەسەر ئەوەی دەتوانێت لە جەنگەکەیدا دوو ئامانج بە دەستبهێنێت، لە ناوبردنی حەماسی فەرمانڕەوا لە غەزە و ئازادکردنی نزیکەی 230 کەس کە چەکدارانی حەماس لە ئیسڕائیل ڕفاندیاننن.

بەڵام لە کاتێکدا کە سوپای ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکەی بۆ سەر غەزە فراوانتر کردووە، سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی غەزە خاپوور دەکات، خێزانی بارمتەکان زۆر نیگەرانن لەوەی ئامانجەکانی ئیسڕائیل ڕەنگە دەرەنجامێکی ڕووخێنەرییان هەبێت.

لە ناوبردنی حەماس وادەردەکەوێت پێویستی بە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی چڕی بێپێشینە هەبێت و مەترسیش دەبێت بۆ سەر ژیانی بارمتە ئیسڕائیلییەکان. ئازادکردنی بارمتەکان کە لە ناو غەزەدا گیرییان خواردووە، ڕەنگە پێویستی بە گفتوگۆ هەبێت لەگەڵ حەماسدا. حەماس، کە چەکدارەکانی لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و 1400 کەسییان کوشت و دەیان کەسی دیکەی بە بارمتە گرت. بەرپرسانی تەندروستی غەزەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 7700 کەس لە غەزە کوژراون.

تاوەکو ئێستا ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە نەداوە ڕزگارکردنی بارمتەکان چۆن دەبێت، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دانینا بە ئازار و ترسی خێزانی بارمتەکاندا و بەڵێنیدا لەسەر ئەوەی ئازادکردنییان بەشێکی " تەواوکەری " جەنگەکەی ئیسڕائیل دەبێت، هاوکات لەگەڵ لە ناوبردنی حەماسدا.


ڕابەرانی سیاسیی حەماس لە گفتوگۆدان لەگەڵ نێوەندگرە میسڕی و قەتەڕییەکاندا سەبارەت بە ئازادکردنی لانیکەم هەندێک لە هاووڵاتییە سڤیلە ئیسڕائیلییەکان. تاوەکو ئێستا چوار بارمتەی ئیسڕائیلی ئازاد کراون.

ڕۆژی شەممە ترس و نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارمتەکان زیاتر بوون، دوای ئەوەی ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی چڕتر کردەوە و هێزی ڕەوانەی ناو غەزە کرد. خەڵکەکە لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل لە تەل ئەڤیڤ خۆپیشاندانییان ئەنجامدا و داوایان کرد نەتانیاهو و بەرپرسانی دیکەی ئیسڕائیل مامەڵە لەگەڵ چارەنووسی ئازیزانییاندا بکەن.

خۆپیشاندانەکە سوودی هەبوو، نەتانیاهو ڕۆژی شەممە لەگەڵ خێزانەکاندا کۆبووەوە و بەڵێنیدا " هەوڵی تەواوی خۆی بدات بۆ گەڕاندنەوەیان." وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت بەڵێنیدا ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵیاندا کۆببێتەوە.

خۆپیشاندەرێک بە ناوی مالکی شیم تۆڤ کە کوڕە 21 ساڵەکەی، عومەر، لە غەزە بە بارمتە گیراوە، وتی " چیتر چاوەڕێ ناکەین. دەمانەوێت ئەمڕۆ هەموویان بگەڕێنەوە. دەمانەوێت ئێوە، کابینەکە، حکومەت، بیر لەوە بکەنەوە کە ئەگەر ئەمانە منداڵی ئێوە بن چیتان دەکرد."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG