Accessibility links

پشتیوانی بۆ دۆزی فەلەستینییەکان لە شەقامی عەرەبیدا زیاد دەکات


لە مزگەوتەکانەوە بگرە تا دەگاتە یاریگاکانی تۆپی پێ لە شار و شارۆچکەکانی سەرانسەری جیهانی عەرەبی، هەستی لایەنگری فەلەستینییەکان دوای هێرشێکی لەناوکاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەرزبووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی زەمینەیی هاودەنگی بۆ فەلەستینییەکان.

لە ڕامەڵڵاوە بگرە تا بەیروت، دیمەشق، بەغدا و قاهیرە، خەڵک شیرینییان دابەش کردووە و خۆشحاڵییان دەربڕیوە و دوعایان کردووە بۆ پشتیوانی لە وەک دەڵێن "بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکارییە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی فەلەستین".

فەرەح ئەلسەعدی، تەمەن 52 ساڵ، قاوە فرۆشی خەڵکی شاری ڕامەڵڵایە لە کەناری ڕۆژئاوا دەڵێت "هەموو ژیانم، بینیومە ئیسرائیل ئێمە دەکوژێت، دەستی بەسەر زەوییەکانماندا گرتووە و منداڵەکانمان دەستگیر دەکات".

ئەو پیاوە کە کوڕەکەی لە دەستبەسەرکردنی ئیسرائیلدایە وتی "من دڵخۆش بووم بەو کارەی حەماس کردوویەتی"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ترسی لە قەبارەی "تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە" هەیە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک.

هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە ڕۆژی شەممە ئەنجام درا بووە هۆی کوشتنی سەدان کەسی سڤیل لە هەردوولا.

عیسام ئەبوبەکر، کاربەدەستێکی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا بە ئاژانسی فراس پرێسی ڕاگەیاند " پێموانییە یەک فەلەستینی هەبێت پشتیوانی لەوە نەکات کە ڕوویداوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشی حەماس "کاردانەوەیەکی سروشتی بوو بەرامبەر بەو تاوانانەی ئیسرائیل ئەنجامیدا"، کە "پشتی لە پرۆسەی دانوستانی سیاسی کردووە".

حکومەتی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، بەهۆی هێرشی حەماسەوە لانیکەم 900 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات چەکدارەکان نزیکەی 150 کەسیان بە بارمتە گرتووە.

لە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئامانجەکانی کەرتی غەززە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە، 765 کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون.

پشتیواونانی فەلەستینییەکان لە بەغدا
پشتیواونانی فەلەستینییەکان لە بەغدا

لە بەغدای پایتەختی عێراق هێزە نیمچە سەربازییەکانی سەر بە ئێران لە میانی گردبوونەوەکان لە گۆڕەپانی تەحریر ئاڵای ئیسرائیلیان خستە ژێرپێیان و سوتاندیان.

موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ داوای له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، به‌تایبه‌تی سعودیه‌ و ئێران كرد، ئاو و خۆراک بگه‌یه‌ننه‌ غه‌ززه‌، هاوكات داوای له‌ میسر كرد ده‌روازه‌ی ڕه‌فح بكاته‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدان بۆ چونه‌ ناو غه‌ززه‌.

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی ڕۆژی شەممە، لایەنگرانی فەلەستینی لە باشووری لوبنان و بەیرووتی پایتەخت شیرینییان دابەش کرد.

لە زانکۆی ئەمەریکایی لە بەیروت گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، کە تیایدا ڕیم سۆب خوێندکاری فەلەستینی تەمەن 18 ساڵ وتی " ئێمە ناتوانین چەک هەڵبگرین بەڵام لانیکەم، دەتوانین پشتگیریان بکەین."

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، شادن فەکیح، ئەکتەری کۆمیدی لوبنانی، ئەو شەپۆلی پشتیوانییە ڕوون دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ڕۆژئاوا ئیدانە دەکرێت.

"چاوەڕوانی چی لە فەلەستینییەکان دەکەیت؟ بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک بکوژرێن و هیچ لەو بارەیەوە نەکەن... بە بێدەنگی بمرن؟" لە ڤیدیۆیەکدا وتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان چەک هەڵدەگرن و بەرپەرچی دەدەنەوە. ئەمە مافی خۆیانە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەتوانێت دژی حەماس بێت و هێشتا پشتگیری لە هەر بەرخۆدانێکی چەکداری بکات دژی ستەمکار، دژی ئاپارتایدی (ئیسرائیلی)".

لە پایتەختی تونس، قوتابخانەکان ئاڵای فەلەستینیان هەڵکرد و هاوپەیمانی ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان داوای گردبوونەوەی هاودەنگیی بەرفراوانیان کرد.

سەرۆکایەتی کۆماریش "پشتیوانی تەواو و بێ مەرجی خۆی بۆ گەلی فەلەستین و مافی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری ڕاگەیاند".

لە دیمەشق ئاڵای فەلەستین هەڵکرا.

مەراح سلێمان، کارمەندی زانکۆی سوریا، تەمەن 42 ساڵ، وتی هێرشەکەی حەماس "هەستێکی لەناو ئێمەدا وروژاند کە ساڵانێکی زۆرە نەجووڵاوە، و ڕۆحی بەرخۆدانی زیندووکردەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، فەلەستینییەکان "دوای ئەو هەموو کوشتن و وێرانکاری و ئاوارەبوونەی کە تووشی بوون، هیچیان لەدەستیاندا نییە".

لە میسر کە ناڕەزایەتی بێ مۆڵەت قەدەغە دەکات، هاندەرانی تۆپی پێ یارییەکانیان کردە نمایشی هاودەنگی، بە دروشمی لایەنگری فەلەستین.

تەنانەت دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیلدا کە بە نێوەندگیری ئەمەریکا کراوە ، پەیوەندییان بەو شەپۆلی هاودەنگییەوە کرد. ئیسرائیل لە ساڵی 2020دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ میر نشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین ئاساییکردووەتەوە.

هەردوو وڵات لێدوانیان بڵاوکردەوە کە تاڕادەیەک هاوسۆزی ئیسرائیل بوون، بەڵام بۆچوونی جەماوەری وڵاتەکان جیاوازە.

دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینییەکان سۆشیال میدیای لە ئیمارات پڕکرد و عەبدولخالق عەبدوڵڵا شرۆڤەکاری ناسراوی ئیماراتی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بە "هەڵمەتی جینۆساید" لە کەناڵی ئێکس کە پێشتر تویتەر بوو، ئیدانە کرد.

لە بەحرەین، خۆپیشاندەران دەموچاویان داپۆشیوە، لە میانی گردبوونەوە نزیکەی ڕۆژانە و بێ مۆڵەتەکاندا.

خۆپیشاندەرێکی تەمەن 29 ساڵ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتداران وتی " ئێمە هەمیشە پشتیوانی لە براکانمان دەکەین لە فەلەستین."

ئاماژەی بەوەشکرد، بمانتوانیبایە دەستمان پێیان بگات شانبەشانی ئەوان شەڕمان دەکرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG