Accessibility links

نەتانیاهو: ئیسڕائیل " لە دەستپێکی " وەڵامدانەوەی هێرشەکەی حەماسدایە


غەزە
غەزە

ڕۆژی سێشەممە ئیسڕائیل ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو سوپای وڵاتەکە سەدان ئامانجی لە کەرتی غەزە کردووەتە ئامانج، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی هێزەکانی وڵاتەکە " لە دەستپێکی " ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حەماسدان.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕیچارد هێخت وتی دوای لەشکرکێشییەکەی حەماس لە ڕۆژی شەممەدا، لاشەی 1500 چەکداری حەماس لە ناوچەکانی ئیسڕائیل دۆزراونەتەوە، وتیشی لە ڕۆژی دووشەممەوە هیچ چەکدارێکی دیکەی حەماس نەهاتوونەتە ناو ئیسڕائیلەوە.

ئامانجەکانی نوێترین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بریتی بوون لە گەڕەکی ڕیمال لە شاری غەزە، کە ماڵی زۆربەی وەزیرەکانی حەماس و بیناکانی حکومەتی تێدایە.

نەتانیاهو وتی " ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەسەر دوژمنەکانمانیدا دەهێنین بۆ چەندین نەوە لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە."

سوپای ئیسڕائیل وتی پێش " هێرشەکەی " 300,000 سەربازیی یەدەگی کۆکردووەتەوە، وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە کتوپڕەکەی ڕۆژی شەممەی حەماس بۆ ناو ناوچەکانی ئیسڕائیل.

وتەبێژێکی حەماس هەڕەشەی ئەوەی کرد هەر کاتێک ئیسڕائیل بەبێ ئاگادارکردنەوە هاووڵاتییانی سڤیلی غەزە بکاتە ئامانج ئەوا چەکدارانی حەماس هاووڵاتییەک لەو 150 هاووڵاتییەی کە بە بارمتە گرتوونی دەکوژێت.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی ئیسڕائیل " بە تەواوەتی گەمارۆی " غەزە دەدات، کارەبا و خۆراک و ئاو و گاز لە غەزە دەبڕێت.

ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری ئیسڕائیل گروپەکانی مافەکانی مرۆڤی نیگەران کرد و وتییان سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی ئاسایی غەزە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی دەبێت.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی لە کاتێکدا کە لە نیگەرانییە ئاسایشییە ڕەواکانی ئیسڕائیل تێدەگەم، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەبێت لە چوارچێوەی یاسای مرۆییدا بن. وتیشی هاووڵاتیانی سڤیل و ژێرخانی سڤیل دەبێت بپارێزرێن و نەکرێنە ئامانج.

گۆتیرێش وتی " من زۆر نیگەرانم سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆ لەسەر ئەوەی ئیسڕائیل بە تەواوەتی کەرتی غەزە گەمارۆ دەدات، ڕێگە نادرێت هیچ شتێک بچێتە ناو غەزەوە، نە کارەبا، نە خۆراک، نە سووتەمەنی."

وتیشی " دۆخی مرۆیی لە غەزە زۆر خراپ بوو پێش شەڕەکەش، ئێستا تەنها خراپتر دەبێت."

ڕۆژی دووشەممە ژمارەی کوژراوەکان بەهۆی شەڕەکەوە لە ئیسڕائیل بەرزبووەوە بۆ 900 کەس و 687 کەسیش لە غەزە کوژراون. پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارانە زیاتر ببن. نزیکەی 6000 کەس لە هەردوولا بریندار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 187,000 لە کۆی 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەزە لە ناوخۆدا ئاوارەبوون.

لەلایەکی دیکەوە ڕابەرانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەمەریکا بەیاننامەیەکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و " پشتگیری یەکگرتووی خۆیان بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل و سەرکۆنەکردنی حەماس و کارە تیرۆریستییەکانی " دەربڕی.

XS
SM
MD
LG