Accessibility links

تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە هەوڵیدابێت لەگەڵ حەماسدا بەشداربێت لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا


تاڵیبان ئەو بانگەشانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە هەوڵیاندابێت بەشدار بن لە شەڕەکەی چەکدارانی حەماسدا دژ بە ئیسڕائیل، ئەوەش دوای پۆستێکی ساختە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد تاڵیبان دەیەوێت بەشدار بێت لە شەڕەکەدا.

شیکەرەوانی سیاسیی دەڵێن ئەمە تاڵیبانی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە بەوەی کە بە ئاشکرا پشت دەکات لە پشتیوانیکردنی حەماس و ڕەنگە بەو کارەی هەندێک لە کادرەکانی خۆی توڕە بکات.

هەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ناوی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی تاڵیبان، کە دواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ فەڵەستین ئازاد بکەن، ڕۆژی شەممە پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات تاڵیبان پەیوەندی بە ئێران و عێراق و ئوردنەوە کردووە ڕێگە بدەن لە ڕێی ئەو وڵاتانەوە بگاتە فەڵەستین و بەشدار بێت لە شەڕەکەی حەماسدا دژ بە ئیسڕائیل.

پۆستەکە 2.5 ملیۆن جار بیندراوە و هەندێک لە میدیاکانیش بڵاوییان کردووەتەوە.

بەرپرسی ئۆفیسی کاروباری سیاسیی تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ، محەمەد سوهەیل شاهین، بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەو هەواڵە ڕاست نیە.

وتی " ڕاست نیە. ئەوە قسەوقسەڵۆکن، هەواڵی پشتڕاستکراوە نین."

وتەبێژی تاڵیبان، زەبیحوڵا موجاهید، بە دەنگی ئەمەریکای وت " وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە. هەڵوێستی تاڵیبانیش هەمان شتە."

ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی " تاڵیبان لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکانی ئەمدواییەی غەزە " دەکات.

وتیشی " ئیماڕاتی ئیسلامی پێی وایە هەموو جۆرە بەرگری و بەرهەڵستییەکی گەلی فەڵەستین بۆ ئازادی خاکەکەیان و شوێنە پیرۆزەکان مافی ڕەوای خۆیانە."

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2021 دا کاتێک تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، حەماس یەکێک بوو لەوانەی کە یەکەمین جار پیرۆزبایی لێکردن. لەو کاتەوە حەماس و تاڵیبان چەندین جار کۆبوونەتەوە.

بەڕێوبەری پڕۆگرام لە ناوەندی کاروباری ئێستای جیهان لە واشنتن، هاشم وەهداتیار، بە دەنگی ئەمەریکای وت ئەوە تاڵیبان دەخاتە دۆخێکی قورسەوە.


وتی " تاڵیبان بەلای حەماسدا دەچێت و یارمەتی سیاسیی و لۆجیستیکی و سەربازیی بۆ حەماس دابین دەکات، بەڵام هێشتا بە " ئاشکرا ڕایناگەیەنن."

وتی " تاڵیبان پشتیوانییەکانی بۆ حەماس بە ئاشکرا ڕاناگەیەنێت چونکە بەپێی ڕێککەوتنی دەوحە بەرپرسیارێتی هەیە، یەکێک لەو بەرپرسیارێتییانەش ئەوەیە کە تاڵیبان دەبێت ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەک بکات لە ئەفغانستانەوە بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ نموونە، ئیسڕائیل."

بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەکانی ئەفغانستان لە زانکۆی نیبراسکا، شێر جان ئەحمەدزای وتی بەشداربوونی تاڵیبان لە جەنگەکەدا پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکەی دەوحە دەبێت.

وتی " ئەگەر تاڵیبان بەشدار بێت لە ململانێکەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلدا، ئەوا ئەوە بە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنەکەی دەوحە دادەنرێت."

وتیشی " بێپێشینە دەبێت " ئەگەر تاڵیبان بەشداربێت لە ململانێیەکی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وتیشی ڕەنگە تاڵیبان بە فەڕمی بەشداری نەکات، بەڵام " ڕەنگە گروپ هەبن لە نێو چەکدارانی تاڵیباندا کە هێشتا بڕوایان بە جیهادی جیهانی هەیە و ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن بۆ ئەوەی بەشدار بن."

شیکەرەوی سیاسیی ئەفغانی، واحید فەقیری بە دەنگی ئەمەریکای وت سەرکردایەتی تاڵیبان " زۆر بە قورسی هەوڵ دەدات خۆی بەدووربگرێت لە ململانێ دەرەکییەکاندا."

وتی " دەزانن ئەگەر هەوڵ بدەن ئەمە بکەن، ئەوا ئەمەریکا یارمەتییە داراییەکان دەبڕێت و ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانستان پڕچەک دەکات و سزای زیاترییان بەسەردا دەسەپێنێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG