Accessibility links

تێڕوانینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس


وەک بەشێک لە چاودێران دەڵێن هێرشەکەی ڕۆژی 7 ی ئەم مانگەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلییەکان هاوشێوەی هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەری سەر ئەمەریکایە، بۆیە ئیسرائیل تەنها بە بۆردومانکردنی چەند شوێنێکی حەماس کۆتایی پێناهێنێت، وە ڕەنگە پڕیشکی شەڕەکە سنووری کەرتی غەززە تێپەڕبکات. بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل شەوی دووشەممە لە وتارێکیدا ئەو بۆچوونەی پشتڕاستکردەوە و وتی کاردانەوەکەیان لە بەرامبەر حەماس بە شێوەیەک دەبێت کە بۆ چەندین نەوە باسبکرێت.

هاوکات کاردانەوەکان لە تەواوی جیهان بە حکومەتەکان و نەتەوەکان جۆراوجۆرن، هەن پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دەردەبڕن و هەشن بە پێچەوانەوە پشتیوانی لە فەلەستینییەکان دەکەن، بە تایبەتی لە گروپی حەماس.

لە هەرێمی کوردستانیش بۆچوونی جیاواز هەن. بەشێک، بە تایبەتی ئیسلامییەکان پشتیوانی لە حەماس دەکەن و بە شەڕی موسڵمانانی ناودەبن، بەشێکیش بە پێچەوانە هاوسۆزی خۆیان بۆ ئیسرائیل دەردەبڕن و هێرشەکەی حەماس بە کارێکی دڕندانە ناودێردەکەن، بەو پێیەی خەڵکی سیڤیلی کردووەتە ئامانج و چەکدارانی حەماس دەستیان لە ژن و منداڵ نەپاراستووە. بەشێکیش هەن دەڵێن ئەم شەڕە هیچ پەیوەندی بە کوردەوە نییە و شەڕێکە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان.

دەپرسین:
کورد لە کوێی نەخشەی جەنگەکەدایە؟
پشتگیری کورد لە هەر کام لەو لایەنانە بەدەر لە لایەنی ئایدۆلۆژی لەسەر چ بنەمایەکە ؟
کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر کورد چی دەبن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ، ئەم پرسە تاووتوێ کرا بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:
1- ئیلان ئیسرائیلی، چاودێری کوردی ئیسرائیل لە تەل ئەبیب.
2- سەرۆ قادر ، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان IRDK .
3- ئەبوبەکر عەلی، نووسەر و سیاسەتمەدار.

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:29 0:00

ئیلان ئیسرائیلی:
"ئەو ڕۆژە جەژنی تایبەتی جووەکان بوو، پۆلیس و پیاوانی ئەمنی کەمتربوون لە سنوورەکان، چەکدارەکان کە خۆیان کرد بە ماڵەکاندا ژن و منداڵ و خێزانەکانیان دەکوشت یان بەدیل دەیانبردن، ئیتر بە منداڵ و نەخۆش و هەموو تەمەنەکانی تێدایە."

"ژیان لە ئیسرائیل وەستاوە، ئێستا وڵاتەکە لە جەنگدایە."

"ئیسڕائیل کێشەی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینییەکان نییە، بەڵکو کێشە و شەڕی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانێتی."

"بە بڕوای من جەنگەکە فراوانتر دەبێت، وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، نەخشەیەکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێتە ئاراوە، ئەمە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکایە لە دژی ئێران، واتە شەڕەکە بە تەنها لە غەززە نامێنێتەوە و فراوانتر دەبێت."

"باشترە لە ئێستادا کورد بێ لایەن و بێدەنگ بێت چونکە وەک وتم، تا دێت جەنگەکە فراوانتر دەبێت."

"خەڵکی ئیسرائیل تەنانەت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەمووی پشتگیری سوپا و حکومەتەکەیان دەکەن لەم جەنگەدا."

سەرۆ قادر:
"فەلەستینییەکانیش وەک کورد خاوەن بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازین، بەڵام ئەوەی ڕۆژی شەممە ڕووی‌دا دوورە لە ئاکاری هەر بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخواز، ئەگەر فەلەستینییەکان مافی مانەوەیان هەیە، ئیسرائیلییەکانیش مافی ژیانییان هەیە."

"ئەوەی شەممە ڕووی‌دا کارەساتی شنگالی بەبیر ئێمە هێنایەوە، ئەو دروشم و دەموچاو داپۆشین و گرتن و کوشتنی خەڵک و دانانی مناڵ لەناو قەفەز بۆ فرۆشتن ڕێک ڕەفتارەکانی داعش بوو لە شنگال کە لە سەرەتای مانگی ئابی 2014 لە شنگال ئەنجامییان دا. کورد هەمیشە دۆستی فەلەستینییەکان بووە بەس مەبەستم چەکدارانی حەماس نا، لە هەمان کاتدا لەگەڵ جووەکانیش ڕابردوویەکی پرشنگدارمان هەیە لە پاراستنییان، نابێت شەرم لەوە بکەین، بەڵام ئەوەی ڕۆژی شەممە ئەوە ڕەفتارێک نییە کە میللەتێک بەرامبەر بە داگیرکەرەکەی تێبکۆشێت بۆ ئازادی."

چەکدارانی حەماس ژنێکی ئیسرائیلییان دەستگیرکردووە و بەرەو غەززەی دەبن، شەممە 7 ی مانگی دەی ساڵی 2023
چەکدارانی حەماس ژنێکی ئیسرائیلییان دەستگیرکردووە و بەرەو غەززەی دەبن، شەممە 7 ی مانگی دەی ساڵی 2023

"ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت ئێستا وەک ئەو کاتەی چەکدارانی ئەنسارولئیسلام وایە کە ماوەیەک لە چەند ناوچەیەکی هەرێم حوکمیان دەکرد، وەک داعش وان کە بەشێک لە دەشتی نەینەوایان لە ژێر دەستی داعش بوو."
"ئەوەی ئێستا ڕوودەدات نە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیلە نە شەڕی ئیسلام و جووە، بەڵکو ئەمە شەڕێکی هەرێمییە و ئامانجی سیاسی لە پشتە."

"ئەوانەی ئێستا لە کوردستان پشتگیری حەماس دەکەن، ئەوانە پێشتریش پشتگیرییان لە داعش و ئەنسارولئیسلام دەکرد و بەشێک بوون لە ئەنسارولئیسلام کە پاشماوەی قاعیدە بوون."

من پێم باشە کورد نەببێتە داعشی واتە حەماسی و پشتگیری بکات، وە نەببێتە لایەنگری ئیسرائیل، بە هیچ شێوەیەکیش ڕەوا نییە کە بریسکەی سمێڵمان بێت کە یەهودی و ئیسرائیلی دەکوژرێت، وە دەوڵەتی ئیسرائیلی هیچ کاتێک زیانی بۆ کورد نەبووە، من وەک هیچ لایەنێکیش قسە ناکەم، من بەڕێوەبەری ئەنستیتۆیم، و دەبێت سیاسییەکانیش هیچ هەنگاوێک دژی کورد نەنێن، و ئەوەندە عاقڵ بین تێبگەین، دەبێت بۆ مانەوەی خۆمان لەگەڵ بۆچوونی ئاشتەوایی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و ئەوروپا بین."

ئەبوبەکر عەلی:
"پێشتر لە وتارێک نووسیومە، ئەمە بەشێکە لە گۆڕانکارییەکانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناتوانرێت جارێ بە وردی پێشبینی بکرێت چی ڕوودەدات، بەڵام کورد خۆی خاوەن کێشەیە، بەهۆی دابەشبوونی بەسەر چوار وڵاتدا کە بەشێک لەم وڵاتانە لەبەرەیەکن و بەشەکەی تریش لەبەرەیەکی تر یان ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە ڕووداوەکان، بۆیە لە ئێستادا ئەو ڕووداوانە کاریگەری ناڕاستەوخۆیان دەبێت، بۆ داهاتوش ئاستی قەبارەی کاریگەرییەکە دەمێنێتەوە سەر پەرەسەندنەکانی جەنگەکە کە فراوان دەبێت یان نا، ئەگەر جەنگەکە فراوان ببێت عێراق شوێنێک دەبێت لە گۆڕەپانی جەنگەکە."

"ئەگەر ئێستا بڕیار بەدەستی کورد بوومایە، نیگەرانیم دەردەبڕی لەو دۆخەی غەززە، داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی دۆخەکە بە ئاشتی، بەدڵنیایی هەڵوێستێکی وام دەبوو، وە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەم و ڕۆژانە زانیاری کۆدەکەمەوە وە پێش هەموو شت ناوخۆیی کوردستانیم ڕێکدەخست و بە کوردستانیانە ناکۆکیم نەدەهێشت تا دیدێکی هاوبەشی کوردستانی دروست بکەم."

XS
SM
MD
LG