Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران لە عومانە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتەکە


سوڵتان بن محەمەد ئەلنومانی، وەزیری ئۆفیسی شاهانەی عومان لە 21ی شەشی 2023 لە مەسقەت پێشوازی لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات.
سوڵتان بن محەمەد ئەلنومانی، وەزیری ئۆفیسی شاهانەی عومان لە 21ی شەشی 2023 لە مەسقەت پێشوازی لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات.

دیپلۆماتێکی باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەممە وتووێژی "بنیاتنەر"ی لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی لە مەسقەت ئەنجامدا، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە گفتوگۆکانی تاران لە دۆحە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی قەتەر و یەکێتیی ئەورووپادا.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە گەشتێکی کەنداودایە کە پاشان دەچێتە کویەت و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)یش.

ڕۆژی چوارشەممە، لەگەڵ سەید بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبووەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان تاوتوێی "بەردەوامی ڕاوێژکاری و هاوکاری"یان کردووە لەسەر بابەتگەلێکی جێگای نیگەرانی دوولایەنە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عومان (ئۆنا) لە زاری ئەلبوسەیدییەوە دەڵێت "کۆدەنگییەکی گەورە لە دیدگاکانی هەردوو دەوڵەتدا هەیە لەسەر زنجیرەیەک بابەت کە یارمەتیدەر دەبن بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی".

ئاژانسەکە دەڵێت لای خۆیەوە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کۆبوونەوەکەی بە "بنیاتنەر" ناوبرد و ستایشی هاریکاری کاریگەری نێوان هەردوولای کرد.

ئێران هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە ڕێگەی عومانەوە سەرقاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بووە لەگەڵ ئەمەریکا و کێشە ئەتۆمییەکان و سزاکانی ئەمەریکا و دەستگیرکراوان لە بەرنامەی کاردان.

ڕۆژی دواتر دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ دیپلۆماتکارانی سێ وڵاتی ئەوروپی لە ئەبوزەبی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەت لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان بۆ ئەوە دانرابوو کە ڕێگە لە تاران بگیرێت دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، هەرچەندە کۆماری ئیسلامی هەمیشە ڕەتیکردووەتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، لە ساڵی 2018 بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، پێش ئەوەی ئێران دەست بکات بە پاشەکشەکردن لە بەڵێنەکانی خۆی، و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی داوە، بەڵام لە ساڵی 2021ەوە پرۆسەکە گەیشتووەتە دۆخێکی چەقبەستوو.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هەردوو وڵاتی دوژمی سەرسەختی یەکتر، ئەو هەواڵە میدیاییانەیان ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتیی بۆ جێگرتنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015.

ڕۆژی سێشەممە لە دەوحە، عەلی باغری کانی، دانوستانکاری باڵای ناوکی ئێران لەگەڵ ئێنریکێ مۆرا، ڕێکخەری دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لە یەکێتیی ئەورووپا وتووێژی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە "کۆبوونەوەیەکی جددی و بنیاتنەرم لەگەڵ ئێنریکێ مۆرا لە دۆحە ئەنجامدا".

دەشڵێت "لەسەر کۆمەڵێک بابەت گفتوگۆمان کرد و بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد، لەنێویاندا دانوستان بۆ هەڵگرتنی سزاکان".

پیتەر ستانو وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، یەکێتییەکە "کەناڵە دیپلۆماسییەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، لەنێویاندا لە ڕێگەی ئەم کۆبوونەوەیەوە لە دۆحە، بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە".

هەروەها بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی قەتەر، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ هاوتا قەتەرییەکەیدا "گەشەپێدانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی" تاوتوێ کردووە.

بڕیارە درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بەڕێبکەوێت بۆ کویەت.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG