Accessibility links

ڕاگەیاندنی ئێران: وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە سەردانی ئێران دەکات


وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عەرەبستانی سعودیە لە چین، 10ی سێی 2023
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عەرەبستانی سعودیە لە چین، 10ی سێی 2023

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بڕیارە ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە سەردانی تاران بکات، لەکاتێکدا هەردوو وڵاتی زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێن بۆ چەسپاندنی نزیکبوونەوەی بەرچاوی ئەم دواییەی خۆیان پاش پچڕانی پەیوەندییەکانیان بۆ ماوەی حەوت ساڵ.

ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیم ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی شەممە 17 ی مانگی شەش سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆدەبێتەوە".

ئاژانسەکە لە زاری عەلی بەهادۆری جەهرومی، گوتەبێژی حکومەتی ئێرنەوە دەڵێت سەردانەکەی شازادە فەرحان بە مەبەستی "رێوشوێنی کردنەوەی باڵیۆزخانەی" سعودیەیە لە تاران.

جەهرومی وادەی وردی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی دیاری نەکردووە کە لە ساڵی 2016ەوە داخراوە.

ئاژانسی تەسنیم پێشتریش لە زاری "سەرچاوە نەناسراوەکان"ەوە ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە باڵیۆزخانەی سعودیە لە کاتی سەردانەکەی شازادە فەیسەڵدا بکرێتەوە.

سعودیە لە ساڵی 2016 وە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند، دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر، کەسایەتی ئایینی شیعە لەلایەن ڕیازەوە.

دوای ساڵانێک لە ناکۆکی، هەردوو هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 10ی مانگی سێ دا ڕێککەوتنێکی لەناکاوی ئاشتەوایییان لە چین واژۆ کرد.

لەو کاتەوە، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریای هاوپەیمانی تاران چاککردووەتەوە و هەوڵەکانی بۆ ئاشتی لە یەمەن زیاتر کرد، کە ساڵانێکە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکات لە دژی یاخیبووە حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

ئێران و سعوودیە ساڵانێک پێش ئەوەی پەیوەندییەکانیان چاک بکەنەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی لایەنە دژبەرەکانیان کردووە.

ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەدا باڵیۆزخانەکەی لە ڕیاز کردەەوە.

XS
SM
MD
LG