Accessibility links

سعودیە داوای باشکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی دەکات


وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان دەڵێت سعودیە وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ئاسایشێکی باشتری هاتوچۆی دەریایی دەوێت لە ناوچەی گرنگی کەنداودا.

لە مانگی سێدا ئێران و سعودیە بە سەرپەرشتی چین ڕێککەوتن لەسەر ناکۆکییە دیبلۆماتییەکانی نێوانییان و دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکان، ئەمەش دوابەدوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دوژمنکاری کە مەترسی لەسەر ناوچەکە و بە تایبەتی کەنداو، یەمەن، سوریا و لوبنان دروست کردبوو.

شازادە فەیسەڵ وتی " دەمەوێت ئاماژە بە گرنگیی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بدەم لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، بە تایبەتی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی، هەروەها گرنگی هاریکاریی نێوان سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ناوچەکە خاڵییە لە چەکی کۆمەڵکوژ."

دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە تاران، شازادە فەیسەڵ وتیشی " پاشا و شازادەی جێنشینی سعودیە بە پەرۆشەوەن بۆ ئەوەی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بەمزووانە بانگهێشتەکەیان بۆ سەردانیکردنی سعودیە پەسەند بکات."

ئەمیرعەبدوڵاهیان لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی ئاسایش زۆر گرنگە بۆ وڵاتانی ناوچەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG