گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەدان بە دەنگۆی ڕێککەوتنێکی ناوکی کاتی، جارێکی دیکە جەختی لەسەر هەڵوێستی پێشووی ئەمەریکا کردەوە و ڕایگەیاند "ڕێککەوتنی ناوکی چ کاتی بێت یان هەمیشەیی، درۆیە و هەواڵێکی چەواشەکارانەیە."
مەتیۆ میلەر جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی سیاسەتی ئەمەریکا دڵنیابوونە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز چەکی ناوکی بەدەست نەهێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی "بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دیپلۆماسی ڕێگەی پەسەندکراوی ئێمەیە، بەڵام هاوکات ئەمەریکا بۆ هەموو بژاردە و ئەگەرێکی لەناکاو ئامادەیە."
میلەر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پرسی ڕێککەوتنی ناوکی جارێکیتر بووەتەوە بە بەشێک لە بەرنامەی کاری ئەمەریکا، گوتی ئەمەریکا هەمیشە باوەڕی بە هێزی دیپلۆماسی هەیە.
گوتیشی "ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی بە وریاییەوە لە چالاکی و زۆرخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕوانێت، بەڵام لەهەمان کاتدا پێی وایە دیپلۆماسی باشترین ڕێبازە بۆ پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی."
لەگەڵ ئەوەشدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتیشی "ئەمەریکا هەموو بژاردەیەکی لەسەر مێز داناوە بۆ پرسی ناوکی ئێران."
ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنامەوانێک سەبارەت بە پرسی ئەو ئەمەریکاییانەی لە ئێران دەستبەسەرکراون، گوتی "دەستەبەرکردنی ئەو ئەمەریکاییانەی کە لە دەرەوەی وڵات و لە نێویاندا لە ئێران دەستبەسەرن، ئەولەویەتی سەرەکییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بەو هەواڵانەی کە لە زاری بنیامین ناتانیاهۆەوە بڵاو بووەتەوە سەبارەت بە قبوڵکردنی "ڕێککەوتنێکی بچووک"، گوتی خۆی لە قسەکردن لەسەر ئەو "ڕێککەوتنە نەبووە" دەپارێزێت و گوتیشی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی بینیوە بەڵام ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێکی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بدات.
لە درێژەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، سەبارەت بە پرسی لێخۆشبوون لە سزاکانی ئێران، میلەر ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2018ەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕێگەی بە عێراق داوە پارەی کارەبای هاوردەکراو لە ئێرانەوە بداتە کۆماری ئیسلامی.
بەڵام مەتیۆ میلەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پارانە تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی و کڕینی ئەو کەلوپەلانە خەرج دەبێت کە سزاکانی ئەمەریکای لەسەر نییە و پارەکەش ناگوازرێتەوە بۆ ئێران، بەڵکو بە مەبەستی مرۆیی بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان خەرج دەکرێن.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا هەروەها باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەحرەین و کۆماری ئیسلامی کرا و میلەر ئاماژەی بەوەدا کە هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی ئەگەر بتوانێت چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا سنووردار بکات، ئەوا ئەمەریکا هاندەری ئەو پەیوەندییانە دەبێت.
پرسیارێکی دیکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران بوو کە میلەر بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە سەرکوتکردنی ئازادی ژنان، گوتی "ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دژایەتیکردنی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران."
لە کۆتایشدا میلەر لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە سەفەری ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ڤەنزوێلا و نیکاراگوا و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری ئێران و ئەو وڵاتانە، نیگەرانی ئەمەریکای لە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی دووپاتکردەوە، بەڵام خۆی لە لێدوانی زیاتر لەو بارەیەوە بەدوور گرت.